کوردستان

ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ڕێگای بۆکان-مەهاباد دوو کوژراو و سێ برینداری لێکەوتەوە
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگای نێوان بۆکان و مەهاباد دوو شۆفێر گیانیان لەدەست دا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ڕێگای نێوان شارەکانی بۆکان و مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا. لەو ڕووداوەدا دوو ئۆتۆمبێلی جۆری سامەند و پەژۆ ٤٠٥ بەر یەک کەوتن.
موحسین ڕەسووڵی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی مەهاباد ڕایگەیاند کە شۆفێری هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەست داوە و سێ سەرنشینی دیکەش بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
- بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئۆتۆمبێلی پەژۆ ٤٠٥ کاتێک هەوڵی تێپەڕاندنی تراکتۆرێکی داوە، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی سامەند کە لە ئاڕاستەی بەرامبەرەوە دەهات، بە توندی بەر یەک کەوتوون.
بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی دادی ورمێ، لە نێوان ٢١ی ئازاری ٢٠٢٦ تا ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە سەرانسەری پارێزگاکەدا ١٩٤ کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.
سەرچاوە: Rûdaw