
ھەڵبژاردنی گشتی لە بۆسنە و ھەرزەگۆڤینا دەستی پێکرد: ئەندامانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی دیاری دەکرێن
دەنگدەران لە بۆسنە و ھەرزەگۆڤینا چوونە سەر صندوقەکانی دەنگدان بۆ دیاریکردنی ئەندامانی بۆسنەیی، سڕب و کروات لە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی دەوڵەت و نوێنەرانی تری پەرلەمان و کانتۆنەکان.
دەنگدەران بەشدارییان لە پڕۆسەی دەنگداندا کرد کە لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ دەستی پێکرد و تا کاتژمێر ٢٠:٠٠ بەردەوام بوو. لە نزیکەی ٤,٥٠٠ بنکەی دەنگدان، سیستەمی پشتڕاستکردنەوەی بایۆمەتری، خوێنەرەوەی پەنجەمۆر، سکانکردنی فۆڕمی دەنگدان و چاودێری ڤیدیۆیی بەکارھێنران؛ دەنگەکان لەسەر فۆڕمی کاغەز دران و بەرلەوەی بخرێنە ناو صندوقەکەوە سکان کران و زانیارییەکان بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان (CIK) نێردران. بڕیارە ئەنجامە سەرەتاییەکان لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ ڕابگەیەنرێن.
لە کۆی ئەم ھەڵبژاردنەدا، ئەندامانی بۆسنەیی، سڕب و کروات لە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی بۆسنە و ھەرزەگۆڤینا، ئەنجومەنی پەرلەمانی بۆسنە و ھەرزەگۆڤینا، ئەنجومەنی نوێنەرانی FBiH، ئەنجومەنی نیشتمانی کۆماری سڕب (RS)، سەرۆکی RS و جێگرەکانی، ھەروەھا ئەندامانی ئەنجومەنی ١٠ کانتۆنەکەی FBiH ھەڵدەبژێردرێن. بۆ ئەندامیەتی بۆسنەیییەکان دێنس بێچیرۆڤیچ، باکیر عیزەت بێگۆڤیچ، سەمیر ئەفەندیچ و فەخرەدین ڕادۆنچیچ؛ بۆ ئەندامیەتی سڕبەکان ژێلیکا تسڤیانۆڤیچ، مارینکۆ بۆزۆڤیچ و نێبۆیشا ووکانۆڤیچ؛ بۆ ئەندامیەتی کرواتەکانیش داریانا فیلیپۆڤیچ، زدنکۆ لوچیچ و سلاڤێن کۆڤاچێڤیچ کاندیدن.
بۆ سەرۆکایەتی کۆماری سڕب (RS) ١٢ کاندید کێبڕکێ دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت ململانێکە لە نێوان ساڤۆ مینیچ و برانکۆ بلانوشا بێت. ھەڵبژاردنی گشتی لە بۆسنە و ھەرزەگۆڤینا چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت؛ لە ھەڵبژاردنی ٢ی تشرینی اولی ٢٠٢٢دا، دێنس بێچیرۆڤیچ بۆ ئەندامیەتی بۆسنەیییەکان، ژێلکۆ کۆمچیچ بۆ ئەندامیەتی کرواتەکان و ژێلیکا تسڤیانۆڤیچ بۆ ئەندامیەتی سڕبەکان ھەڵبژێردرابوون.
سەرچاوە: Rûdaw