
بۆزیەل: دەمانەوێت پرسی کورد بە ڕێگەی ئاشتییانە بێنینە ڕۆژئاڤای تورکیا
سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان جەختی کردەوە کە دەبێت پرسی کورد بە ڕێگەی ئاشتییانە و دیموکراتیک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) ڕایگەیاند کە داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد پشتیوانی یاسای نێودەوڵەتییان هەیە و ڕەخنەی لە هەندێک لایەنی تورکیا گرت کە هەوڵ دەدەن پرسی کورد وەک کێشەی تیرۆر نیشان بدەن.
بۆزیەل گوتی کە لایەنی کوردی لە توندوتیژی دوور دەکەوێتەوە و دەیەوێت بابەتەکە بە ڕێگەی ئاشتییانە و دیموکراتیک بهێنێتە ڕۆژئاڤای تورکیا، وە هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەخنەگرانی هاوپەیمانییەکە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکی تورکیا ناکەن.
بۆزیەل ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجەکانی هاوپەیمانییەکە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤدا دیاریکراون، و داواکاری زیاتر لە ۳۰ ملیۆن کورد بۆ ژیان و دانپێدانان لە سەر خاکی خۆیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و ویژدانی مرۆڤایەتییە.
بۆزیەل ڕەخنەی توندی لە سیاسییەکانی وەک ئومیت ئۆزداغ گرت و گوتی لە دوای لەسێدارەدانی شێخ سەعید و سەید ڕەزا هۆشیاریی کوردی بەهێزتر بووە، و هەڕەشەکان بۆ سەر پێشەوایانی هاوپەیمانییەکە بە تاوان و هاندانی کۆمەڵکوژی لەقەڵەم دا.
سەرچاوە: Kurdistan24