
ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە جورف سەخر وەک پلانەکەی دەستی پێ نەکرد
ئۆپراسیۆنی جورف سەخر کە چاوەڕوان دەکرا کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەیانی دەست پێ بکات، هێشتا بەڕێوە نەچووە.
بڕیار بوو هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەیانی ڕۆژی هەینی، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە کاتژمێر ٠٦:٠٠دا بچنە ناو شارەدێی جورف سەخر لە پارێزگای بابیل و کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بگرنە دەست. بەڵام تێپەڕبوونی کاتی دیاریکراویش، هێشتا هێزەکان بەرەو ناوچەکانی ناوەوەی شارەدێکە پێشڕەوییان نەکردووە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ڕووداو، سوپای عێراق و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی لە نزیک جورف سەخر جێگیر بوون، هیچ دەنگی تەقەیەک لە ناوچەکە نەبیستراوە و بارودۆخەکە هێمنە.
میدیای ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئیسماعیل قانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، بۆ ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەریی نێوان سوپای عێراق و کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق هاتووەتە سەر هێڵ. ڕاگەیەندراوە کە قانی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەبو حوسێن حەمیداوی سکرتێری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵا، هادی عامری و فالح فەییاز کۆبووەتەوە. لە میدیاکاندا باس لەوە کراوە کە ئامانجی قانی لەم هەوڵانە، ڕێگریکردن بووە لەوەی کە هەڵگیرسانی شەڕی سەربازی ببێتە هۆی لێکترازانی قووڵ لە نێوان گرووپە سیاسی و چەکدارەکانی شیعه و لاوازبوونی سیستمی سیاسیی عێراق.
جورف سەخر (جورف ئەلنەسر) لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەژێر ناوی ناوچەی سەربازیی دابڕاودایە و لەژێر کۆنتڕۆڵی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق و گرووپە چەکدارەکانی دیکەدایە. حکومەتی عێراق ئامانجیەتی بە دامەزراندنی بارهگایهكی کۆنتڕۆڵکردن لە ناوچەکە و جێگیرکردنی هێزەکانی سوپا، دەسەڵاتی دەوڵەت بگێڕێتەوە، هەروەها ڕێگە ستراتیژییەکان بۆ هاتووچۆ بکاتەوە. تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە جێبەجێ نەکردنی فەرمانی سەرکردەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق عەلی زەیدی، بۆ گۆڕینی هێزەکان لە ناوچەکەدا، نەدراوە.
سەرچاوە: Rûdaw