
دەست بە دروستکردنی تاوەرێکی زەبەلاح لە هەولێر کرا کە بەرزییەکەی لە ٤٥٠ مەتر تێپەڕ دەکات
لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کاری بناغەی تاوەرێکی نوێی بەرز دەستی پێکردووە کە بەرزییەکەی لە ٤٥٠ مەتر زیاترە و ڕکابەری بورجی خەلیفە دەکات.
لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دەست بە دروستکردنی بەرزترین تاوەری ناوچەکە کرا کە بەرزییەکەی لە ٤٥٠ مەتر تێپەڕ دەکات و وەک ڕکابەری بورجی خەلیفەی دوبەی دەبینرێت. پڕۆژەکە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردنی بناغەدایە و بڕیارە بەم نزیکانە دەست بە دروستکردنی نهۆمەکان بکرێت.
بیرۆکەی ئەندازیاری تاوەرەکە لە بیرۆکەکانی ئەمریکاوە وەرگیراوە، دیزاینەکەشی هێڵە مۆدێرنەکانی تەلارسازی دوبەی نیشان دەدات. پرۆسەی دروستکردن و جێبەجێکردنەکەش بە هێزی کاری خۆماڵی و توانای ئەندازیاری ناوخۆیی بەڕێوە دەچێت.
بەرزترین باڵەخانەی ئێستای هەولێر تاوەری (E1 Tower)ـە کە دەکەوێتە سەر شەقامی ٦٠ مەتری. ئەم باڵەخانەیە کە بەرزییەکەی ١٨٠ مەترە و لە ٥٠ نهۆم پێکهاتووە، لە ساڵی ٢٠١٩ دەست بە دروستکردنی کراوە و بە وەبەرهێنانی نزیکەی ٣٥ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٣ تەواو بووە. باڵەخانەکە بە شێوازی تەلارسازی پۆستمۆدێرن و بە کۆنکرێت دروستکراوە، هەروەها ٨ ئاسانسۆر و گەراجێکی بە توانای زیاتر لە ٤٠٠ ئۆتۆمبێلی هەیە. کاتێک تاوەرە نوێیەکە تەواو دەبێت، نازناوی بەرزترین باڵەخانە لە (E1 Tower) وەردەگرێتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24