
جەودەت یڵماز: هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی سندووقە کێشەدارەکان دەنرێت و پرۆسەی پێشنیارەکە لە پەرلەمان خێرا دەکرێت
جەودەت یڵماز ڕایگەیاند، هەنگاوی پێویست بۆ پاکتاوکردنی سندووقە کێشەدارەکان و بەهێزکردنی بازاڕی سەرمایە نراوە و ئەو پێشنیارە یاساییەی هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت، پرۆسەکە خێراتر دەکات.
جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند کە هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سندووقەکان گیراوەتەبەر.
ئاماژە بەوە دراوە کە سندووقەکان بە ڕێکارە ئاسایی و نائاساییەکان پاکتاو دەکرێن و پێکهاتەی بازاڕی سەرمایە بەهێز دەکرێت، هەروەها ڕێوشوێنی کارگێڕی گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی کێشەی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە.
باس لەوەش کراوە کە دوای ئەو پێشنیارە یاساییەی چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان تاوتوێ بکرێت، پرۆسەکە خێراتر دەبێت و کارکردن لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسایەکی نوێ بۆ چاکسازی پێکهاتەیی لە بازاڕی سەرمایە بەردەوامە. یڵماز جەختی لەوە کردەوە کە بازاڕی سەرمایە لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و بە بڕیاری کارگێڕی و ڕێکخستنی یاسایی بەهێز دەکرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24