
زیندانیی کورد نیهاد بێرتان، پاش ٣١ ساڵ لە زیندانی تەکیرداغ ئازاد کرا
نیهاد بێرتان، زیندانیی کورد کە لە ساڵی ١٩٩٥ دەستگیرکرابوو و سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرابوو، پاش ٣١ ساڵ مانەوە لە زیندان ئازاد کرا.
زیندانیی کورد نیهاد بێرتان، پاش ٣١ ساڵ لە زیندانی تەکیرداغ ئازاد کرا. بێرتان لە کاتی هاتنەدەرەوەیدا لەلایەن بنەماڵەکەی و ئەندامانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پێشوازی لێکرا، لەبەردەم زیندانەکەدا بە فڕێدانی کۆترە سپییەکان بەخێرهاتنەوەی کرا و بانگەوازی ئاشتیی کرد.
بێرتان لە کاتی ئازادبوونیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەو هاوڕێیانەشی کە لە زینداندا ماونەتەوە ئازاد بکرێن و جەختی لەسەر دۆخی ئەوان کردەوە. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، بێرتان لە ساڵی ١٩٩٥ لە شاری ئیزمیر دەستبەسەر و پاشان زیندانی کرا. لە دادگاییکردنەکەیدا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخستن" و "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت" سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرابوو.
وادەی یاسایی ئازادبوونی بێرتان بۆ مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ دیاریکرابوو. بەڵام دەستەی کارگێڕی و چاودێریی زیندانی تەکیرداغ، ئازادکردنی ناوبراوی جارێک بۆ ٧ مانگ و جارێکیش بۆ ٦ مانگ دواخست و بە گشتی بووە هۆی دواکەوتنی بە ماوەی ساڵێک و مانگێک. پاش ئەو دواخستنانە، بێرتان لە کۆتاییدا ئازاد کرا.
سەرچاوە: Rûdaw