
سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شیکاگۆ لە ٧-٨ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت
فێستیڤاڵەکە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەلایەن ڕێکخراوی "کوردەکانی ئیلینۆی" ڕێکدەخرێت، سینەما و کەلتووری کوردی لە شیکاگۆ دەخاتە بەر دیدی بینەران.
سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی کە بڕیارە لە ڕۆژانی ٧ بۆ ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ئامانجی ئەوەیە فیلم و بەڵگەفیلمەکانی جوگرافیای کوردستان و دیاسپۆرا بە بینەران ئاشنا بکات. فێستیڤاڵەکە لەلایەن ڕێکخراوی "کوردەکانی ئیلینۆی" (Kurds of Illinois) ڕێکدەخرێت و جگە لە نمایشکردنی فیلم بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، چالاکیی هونەری، ئەدەبی و کەلتوورییش لەخۆ دەگرێت.
ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکە، ٧ی تشرینی دووەم، بە ڕێوڕەسمی کردنەوە لە ناوەندی کەلتووری کوردی لە ئیلینۆی دەست پێدەکات. بەشداربووان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لەگەڵ هونەرمەندان کۆببنەوە و چێژی خواردنی کوردی ببینن و سەردانی ستاندە کەلتوورییەکان و پێشکەشکردنی چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکان بکەن. شەنەر ئۆزەمەن پێشکەشکردنێک لەسەر هونەر و کتێب دەکات، هەروەها ئاریان عومەر حەسەن لەگەڵ بەشداربووان لەسەر ئەدەب و بڵاوکراوەی کوردی گفتوگۆ دەکات.
لە ڕۆژی دووەمدا، ٨ی تشرینی دووەم، نمایشکردنی فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە سینەمای "دامێن" لە زانکۆی لۆیۆلا بەڕێوەدەچێت. لەو چالاکییەشدا دانیشتن لەگەڵ هونەرمەندان و چەندین چالاکیی کەلتووری دیکە ئەنجام دەدرێت. فێستیڤاڵەکە لەلایەن بازرگان و خاوەنکارە کوردەکانی شیکاگۆ و دەوروبەری پشتیوانی دەکرێت؛ سپۆنسەرەکانی بریتین لە "جوجین کافێ"، "ئەزمەڕ جێوێڵری"، "هەنار پرێس"، "ژیان کرافتس" و "کوردستان ئیڤا". ئەم چالاکییە بە هاوکاری لەگەڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک ڕێکخراوە و ئامانجی ئەوەیە خزمەت بە ناساندنی سینەمای کوردی بکات. بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی "کوردەکانی ئیلینۆی" بکەن: www.kurdsofillinois.org.
سەرچاوە: Rûdaw