
تێکەڵەی ئەنار یۆرۆلیتین A بە ڕێژەی %٨٠ کردارەکانی دڵ باشتر دەکات
توێژەرانی کۆلێژی کینگ لە لەندەن ڕایانگەیاند کە یۆرۆلیتین A، کە دوای خواردنی ئەنار دروست دەبێت، تا %٨٠ چاکبوونەوە لە چارەسەرکردنی پەککەوتنی دڵ لە مشک و شانەکانی دڵی مرۆڤ لە تاقیگەدا بەدەستدەهێنێت.
توێژەرانی کۆلێژی کینگ لە لەندەن دەریانخستووە کە تێکەڵەیەکی سروشتی به ناوی یۆرۆلیتین A، کە دوای خواردنی ئەنار لەلایەن بەکتریای ڕێخۆڵەوە بەرهەم دەهێنرێت، ئەنجامی ئومێدبەخشی لە چارەسەرکردنی پەککەوتنی دڵدا بەدەستهێناوە. توێژینەوەکە بە پشتیوانی دەزگای دڵی بریتانیا ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری Science Advances بڵاوکراوەتەوە، هەروەها لەسەر مشک و شانەکانی دڵی مرۆڤ کە لە تاقیگەدا دروستکراون ئەنجامدراوە.
یۆرۆلیتین A لەڕێگەی چالاککردنی پرۆتینی PKGIα کە یارمەتی حەسانەوەی دڵ دەدات، ڕەقبوونی شانەکانی دڵی کەمکردەوە و پەستانی ناوەوەی دابەزاند. ئەرکەکانی دڵ لەو مشکانەی چارەسەرەکەیان وەرگرتووە، بەراورد بەو مشکانەی چارەسەریان وەرنەگرتووە، تا %٨٠ باشتربوونی بەخۆیەوە بینیوە؛ هەروەها تێبینی کراوە کە شانەکانی دڵی مرۆڤ لە تاقیگەدا خێراتر گرژ دەبنەوە و دەحەسێنەوە.
جۆزێف بێرگۆین، بەڕێوەبەری توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەدا کە زانیارییە بەدەستهاتووەکان ڕێگە خۆش دەکەن بۆ دروستکردنی نەوەی نوێی دەرمان، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئامۆژگاری "خواردنی ئەنار" بكرێت. جەیمس لیپەر، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دەزگای دڵی بریتانیا ڕایگەیاند کە سوودەکان تەنها لە ئاژەڵان و شانەکانی تاقیگەدا سەلمێنراون، هەروەها تاقیکردنەوە کلینیکییەکان پێویستن بۆ ڕوونکردنەوەی کاریگەرییەکەی لەسەر مرۆڤ.
سەرچاوە: Kurdistan24