
بۆ خنکانی قوتابییەکی کورد لە چین لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد
محەمەد سەدەدین هادی، کە خوێندنی دکتۆرای لە زانکۆی ئۆقیانووس دەخوێند، لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ خنکاوە و گیانی لەدەستداوە؛ دەسەڵاتدارانی چین لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەم بابەتە دەستپێکردووە.
محەمەد سەدەدین هادی، کە خوێندنی دکتۆرای لە زانکۆی ئۆقیانووس دەخوێند، شەوی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ خنکاوە و گیانی لەدەستداوە.
کۆنسولخانەی گشتی چین لە هەولێر، پێنجشەممە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بە ڕاگەیاندنێکی فەرمی خەمباریی قووڵی خۆیان دەربڕی، سەرەخۆشی بۆ خێزانی مەرحوم پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە ڕووداوەکە بە وردی و هەستیارییەوە چاودێری دەکرێت.
هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان لەگەڵ بەڕێوەبردنی زانکۆ تیمێکی تایبەتی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکە لە چوارچێوەی یاسادا بەڕێوە بەرن؛ هەروەها دەسەڵاتدارانی چینی لەگەڵ سەفارەتی عێراق لە بەیجینگ هاوکاری دەکەن.
کۆنسولخانەکە ڕایگەیاند کە وردەکارییەکانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لە داهاتوودا ئاشکرا دەکرێن، داوای لە دەزگا میدیاییەکان کرد ڕێز لە تایبەتمەندی مەرحوم و کەسوکاری بگرن و لە باڵاوکردنەوەی هەواڵی نەڕاستکراوە دووربکەونەوە. هەروەها جەخت لەوەشیان کردەوە کە ئامادەن هەموو یارمەتییەکی مرۆیی پێشکەش بکەن بۆ گواستنەوەی خێزانی قوتابییە مەرحومەکە بۆ چین و بۆ ئەنجامدانی کارە ئیداریەکان.
سەرچاوە: Kurdistan24