
ئۆتۆمبێلی یانگوانگ یو ٩ ئێکس تریمی کۆمپانیای بی وای دی، خێرایی ٥٠٠ کیلۆمەتری لە کاتژمێرێکدا تێپەڕاند و ریکۆردی شکاند
ئۆتۆمبێلی هایپەری کارەبایی یانگوانگ یو ٩ ئێکس تریمی کۆمپانیای بی وای دی، بەبێ هیچ دەستکارییەک خێراییەکەی گەیاندە سەرووی ٥٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و نازناوی خێراترین ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراوی جیهانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
ئۆتۆمبێلی هایپەری کارەبایی یانگوانگ یو ٩ ئێکس تریم کە لەلایەن کۆمپانیای بی وای دی-یەوە بەرهەم هێنراوە، گەیشتە خێراییەکی زۆر بەرز کە تێپەڕاندنی ئەستەمە و خێراییەکەی لە ٥٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تێپەڕاند. لە تاقیکردنەوەیەکدا کە لەسەر ڕێگەیەکی درێژ و ڕێکی بیابان ئەنجامدرا، ئەم ئۆتۆمبێلە بووە یەکەم ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراوی بازرگانی کە بەبێ هیچ دەستکارییەک و بەو شێوەیەی لە کارگەوە دەرچووە، بگاتە ئەم خێراییە.
ئۆتۆمبێلەکە خاوەنی چوار بزوێنەری سەربەخۆیە و نزیکەی ٣ هەزار ئەسپ هێز بەرهەم دەهێنێت و خاوەنی ژێرخانێکی تەواو کارەباییە. ساڵی ڕابردوو لەو تاقیکردنەوەیەی لە ئەڵمانیا ئەنجامدرا، ئۆتۆمبێلەکە گەیشتە خێرایی ٤٩٦ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و پێش بوگاتی کەوت و نازناوی "خێراترین ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراوی جیهان"ی بەدەستهێنا.
بەرپرسانی کۆمپانیای بی وای دی ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێشتا سنووری تواناکانی ئۆتۆمبێلەکە تاقی نەکراوەتەوە و توانای زیاتری هەیە. کۆمپانیاکە لە مانگی تەمموزدا ڕایگەیاندبوو کە لە مانگی تشرینی دووەمدا بە ڕێگەیەکی تایبەت بە درێژایی ١٥ کیلۆمەتر جارێکی دیکە تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات. بی وای دی هێشتا بە فەرمی کۆتایی خێرایی ئۆتۆمبێلەکەی ڕانەگەیاندووە.
ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکان پشتڕاست بکرێنەوە، یانگوانگ یو ٩ ئێکس تریم وەک خێراترین ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراو لە مێژووی پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا تۆمار دەکرێت و گوشارەکان لەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک بوگاتی و کۆنیگسێگ زیاتر دەکات.
سەرچاوە: Kurdistan24