
سی ئێن ئێن: سوپای ئەمریکا دەتوانێت لە ماوەی ٩٦ کاتژمێردا هێرش بۆ سەر ئێران دەست پێ بکات
کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە لێدوانی دوو بەرپرسی ئەمریکی ڕایگەیاند، بە فەرمانی ترەمپ ئەمریکا دەتوانێت لە ماوەی ٩٦ کاتژمێردا هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران دەست پێ بکات.
بەپێی قسەی دوو بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ئەگەر فەرمان لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە بگات، سوپای ئەمریکا ئامادەیە لە ماوەی ٩٦ کاتژمێردا هێرشێکی نوێ و گەورە بۆ سەر ئێران دەست پێ بکات. لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو هێرشە ئەگەری هەیە بەو هێزانەی ئێستا لە ناوچەکەدان ئەنجام بدرێت.
بەرپرسان ڕایانگەیاندووە، پێشبینی دەکەن بڕیارەکەی ترەمپ لە هەر کاتێکی پێش کۆتایی هاتنی ساڵدا بێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای هەڵبژاردنە ناوەندییەکان ڕوو بدات. هەروەها هۆشداری ئەوە دراوە کە ترەمپ لە ڕابردوودا ئارەزووی ئەنجامدانی کاری هاوشێوەی هەبووە، بەڵام لە دواساتدا پاشگەز بووەتەوە.
باس لەوەش کراوە کە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوشار دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی هاوبەش بۆ سەر ئێران، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی داوایان لێ کردووە تا ئەو کاتەی پلانی هێرشی هاوبەش ڕوون دەبێتەوە، نەتەنیاهۆ ئەو هەنگاوە دوابخات. سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی ئیدیعای ئەوەی کردووە کە نەتەنیاهۆ هەوڵی داوە ترەمپ ڕازی بکات بۆ هێرشی هاوبەش بەر لە هەڵبژاردنەکان، بەڵام ترەمپ ئەو پلانەی پەسەند نەکردووە.
سەرچاوە: Kurdistan24