
لە ڕاپرسیی سەرۆکایەتیی کۆماری بەتیماردا دەمیرتاش پێش ئیمامۆغڵو کەوت
بەپێی دواین ڕاپرسیی کۆمپانیای بەتیمار، سەلاحەدین دەمیرتاش لەسەدا ٨.٧ و ئەکرەم ئیمامۆغڵو لەسەدا ٨.١ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
لە ڕاپرسییەکی سەرۆکایەتیی کۆماردا کە لەلایەن کۆمپانیای بەتیمارەوە ئەنجامدراوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستا بە ڕێژەی لەسەدا ٣٠.٤ لە پلەی یەکەمدا هاتوو و مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئەیالەتی ئەنقەرە بە ڕێژەی لەسەدا ١٤.٢ لە پلەی دووەمدا بووە. سەلاحەدین دەمیرتاش بە ڕێژەی لەسەدا ٨.٧ لە پلەی سێیەم و ئەکرەم ئیمامۆغڵوش بە ڕێژەی لەسەدا ٨.١ لە پلەی چوارەمدا هاتبوون.
ڕاپرسییەکە سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە زینداندایە و ئەکرەم ئیمامۆغڵو، پرسیاری لە بەشداربووان کردووە. عەبدولقادر سەلڤی، نووسەری ڕۆژنامەی حوڕییەت، ئەنجامەکانی ئەم دواین ڕاپرسییەی بەتیماری لە گۆشەکەیدا بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی توێژینەوەکەی بەتیمار لەسەر ڕۆژەڤی تورکیا، "گرانیی بژێوی" بە ڕێژەی لەسەدا ٧١.٣ گەورەترین بابەتی نیگەرانی بووە، لەکاتێکدا "پڕۆسەی ئاشتی" بە ڕێژەی لەسەدا ١٩.٦ و "قەیرانی سندوقەکان" بە ڕێژەی لەسەدا ١٦.٣ لە پلەی دووەم و سێیەمدا بوون.
وەڵامەکان بۆ پرسیاری پاڵپشتیکردن لە پڕۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" نیشانیانداوە کە لەسەدا ٦٥.٦ پاڵپشتی لەم پڕۆسەیە دەکەن و لەسەدا ٣٤.٤ پاڵپشتی لێ ناکەن.
سەرچاوە: Kurdistan24