
سەرۆکوەزیرانی دانیمارک هەفتەی داهاتوو ناوی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکات کە میوانداری ناوەندی دیپۆرتکردنەوە دەکات
بەپێی لێدوانی مێتێ فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، ناوی ئەو وڵاتەی میوانداری ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوە لە دەرەوەی ئەوروپا دەکات، هەفتەی داهاتوو دیار دەبێت.
مێتێ فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک لە لووتکەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەوروپا لە دوبلین ڕایگەیاند، ئەو وڵاتەی میوانداری یەکەم ناوەندی دیپۆرتکردنەوە لە دەرەوەی کیشوەرەکە دەکات، هەفتەی داهاتوو ئاشکرا دەکرێت.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەنگە ناوی وڵاتەکە لە کۆنفرانسێکی تایبەتدا سەبارەت بە پرسی کۆچبەران کە بڕیارە لە ١٦-١٧ی تشرینی دووەم لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەبچێت، ڕابگەیەنرێت. پێنج وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا (دانیمارک، ئەڵمانیا، نەمسا، یۆنان و هۆڵەندا) بۆ دامەزراندنی ئەم ناوەندانە و دەستپێکردنی گواستنەوەی کۆچبەران تا ساڵی ٢٠٢٧، خەریکی گفتوگۆی دیپلۆماسین.
لە نێو کاندیدەکانی میوانداریکردندا ناوی ڕواندا، ئۆگەندا و ئۆزبەکستان دەهێنرێت؛ سەرچاوە نزیکەکان دەڵێن بەهێزترین کاندید ڕواندایە. حکومەتی ڕواندا مانگی ئابی ڕابردوو پشتڕاستی کردەوە کە لەگەڵ هەندێک وڵاتی ئەوروپی دەستیان بە گفتوگۆی سەرەتایی سەبارەت بە ناوەندەکانی کۆچبەران کردووە.
ئەو ناوەندانەی دادەمەزرێن، ئەو پەنابەرانە دەکەنە ئامانج کە داواکاری پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە و هەروەها کۆچبەرانی نایاسایی. ڕێکخراوەکانی وەک لێبوردنی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئەوروپا هۆشداری دەدەن کە ئەم ناوەندانە لەوانەیە ببنە "کونێکی ڕەش" کە چاودێری یاساییان لەسەر نەبێت.
سەرچاوە: Rûdaw