
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی چاوەڕێ دەکات بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە ٢٦ی تشرینی دووەمدا دەربچێت
گولیستان کڵچ کۆچیگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند کە چاوەڕێ دەکەن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (MGK) لە ٢٦ی تشرینی دووەمدا بڕیاری پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردن دەربچێت و لیژنەی چاودێریش لە مانگی کانونی یەکەمدا پێکبهێندرێت.
گولیستان کڵچ کۆچیگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی داوای کرد لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (MGK)دا کە بڕیارە لە ٢٦ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، بڕیاری پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردن بدرێت و دوای ئەو بڕیارە بە خێرایی یاسای پەیوەندیدار بخرێتە بوار جێبەجێکردنەوە.
کۆچیگیت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمان ڕایگەیاند، هیچ خشتەیەکی کاتی دیاریکراو بۆ پێکهێنانی لیژنەی چاودێری نییە، بەڵام چاوەڕێ دەکەن تا مانگی کانونی یەکەم لیژنەکە پێکبهێندرێت و دوای پێکهێنانیشی لە ماوەیەکی کورتدا ڕێنمایی و شێوازی کارکردنی دیاری بکرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کە گوتبووی ئەندام نانێرن بۆ لیژنەکە، کۆچیگیت جەختی لەوە کردەوە کە ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بابەتێکی هاوبەشە بۆ بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتیان. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەکە لە پێناو کەسێک، پارتییەک یان گرووپێکدا بەڕێوەناچێت، بەڵکو تێڕوانینێکە کە بەرژەوەندی ٨٦ ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا لە بەرچاو دەگرێت.
سەرچاوە: Rûdaw