
پارتی دەم، بەر لە ١ی تشرینی یەکەم داوای کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی تورکیا دەکات
هاوسەرۆکانی پارتی دەم ڕایانگەیاند کە قەیرانی ئابووری قووڵتر بووەتەوە و داوایان کرد پەرلەمانی تورکیا بەر لە ١ی تشرینی یەکەم کۆبێتەوە.
تولای هاتیمۆغۆللاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم)، سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئابووریی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی نووسراویان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیان لەوە کردەوە کە قەیرانی ئابووری ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێت و پێویستە پەرلەمانی تورکیا بەبێ چاوەڕوانکردنی ١ی تشرینی یەکەم بە شێوەیەکی نائاسایی کۆبێتەوە و ڕێکارە پێویستەکان بگرێتە بەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەڵئاوسانی بەردەوام، زیادبوونی ئیفلاسبوون، بارگرانیی قەرزەکان، زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان، تێپەڕاندنی نرخی سوتەمەنی لە ١٠٠ لیرە بۆ هەر لیترێک و دابەزینی زیاتر لە سەدا ٦ی بەهای پێنوێنی بورسەی ئستەنبوڵ، ڕەهەندەکانی قەیرانەکەیان گەورەتر کردووە.
هاتیمۆغۆللاری و باکرهان ڕایانگەیاند کە قازانجکردنی بانکەکان لە ڕێگەی سوودی بەرز و دەستکەوتی ناڕەواوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ داڕمانی کۆمەڵایەتی و دەبێت دەسەڵات هەنگاوی کرداری بنێت.
دوای دابەزینی توندی بورسەی ئستەنبوڵ و ناتوانینی هەندێک سندوقی وەبەرهێنان لە دانی پارەی بەشداربووان، پرسیار ئاراستەی بەرپرسیارێتیی دامەزراوە چاودێرەکان کرا و پرسیار کرا ئایا ئەم زەرەرانە بەشێک لە قەیرانێکی ئابووریی بەرفراوانترن یان نا، هەروەها داوا کرا ئەو پشێوییەی بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوە دروست بووە بەرپەرچ بدرێتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw