
پارتی دێم پارتی داوای ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی سەید ڕەزا و هاوڕێکانی دەکات
پارتی دێم پارتی لە ٨٩مین ساڵیادی لەسێدارەدانیاندا، داوای ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکان، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستییەکان و داوای لێبوردنی فەرمی کرد.
پارتی دێم پارتی لە ٨٩مین ساڵیادی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و هاوڕێکانیدا، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەدا، سەید ڕەزا و هاوڕێکانی وەک هێمای بەرخۆدانێکی گەورە بەبیر هێنرانەوە و ئاماژە بەوە کرا کە "ڕێگای ئەوان ڕێگای ئێمەیە."
پارتەکە ڕایگەیاند کە بە مەرجی ئاشکراکردنی دەستبەجێی شوێنی گۆڕەکان، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستییەکان و داوای لێبوردنی فەرمی، تێکۆشانی خۆیان بەردەوام دەکەن. هەروەها جەخت لەسەر داوای ئاشکراکردنی ئەو شوێنانە کرایەوە کە ئەو کەسانەی گۆڕیان نییە تێیدا نێژراون.
ئایتەن کۆردوو پەرلەمانتاری دێم پارتی، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پێشنیازە یاسایەکی ١٠ خاڵیی پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرد کە تێیدا داوای کردنەوەی ئەرشیفی دەوڵەت، گەڕاندنەوەی ناوی "دێرسیم" بۆ تونجەلی و ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکان کراوە. هاوکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگای ساڵی ١٩٣٧ داواکاری یاسایی پێشکەش کراوە.
بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، سەید ڕەزا و هاوڕێکانی دوای یاسای تونجەلی لە ساڵی ١٩٣٥ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ١٩٣٧-١٩٣٨ دەستگیرکران و لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٣٧ لە گۆڕەپانی بوغدای لە خارپێت لەسێدارەدران؛ لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا تەمەنی سەید ڕەزا بە بچووک و تەمەنی کوڕەکەی ڕەسیک حسێن بە گەورە نیشان دراوە. بەپێی تۆمارە فەرمییەکان لە ڕووداوەکانی دێرسیمدا زیاتر لە ١٣ هەزار کەس، بەڵام بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
سەرچاوە: Kurdistan24