
هاوسەرۆکی دەم پارتی هاتیمۆغوڵڵاری لە ئامەد لەگەڵ گەنجان کۆبووەوە
هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای هاتیمۆغوڵڵاری لە کۆڕبەندی گەنجانی ئامەد، باسی لە دیموکراسی و کێشە ئابوورییەکان کرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای هاتیمۆغوڵڵاری بەشداری لە "کۆڕبەندی گەنجان بۆ بودجەی نان، ئاشتی و دادپەروەری" کرد کە لە سەنتەری ڕۆشنبیریی سەیید خانەقای ئامەد بەڕێوەچوو. لە کۆڕبەندەکەدا وەڵامی پرسیاری گەنجانی دایەوە و ئاماژەی بە گرنگیی فراوانکردنی مەیدانەکانی خەباتی دیموکراتی لە تورکیا کرد.
هاتیمۆغوڵڵاری جەختی لەوە کردەوە کە گەنجان بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵێکی گەورەیان لە زۆر خەباتدا هەبووە و وتی: "ئەم قۆناغە بۆ کردنەوەی هەموو مەیدانەکانی خەباتی دیموکراتی زۆر بەنرخە. دەبێت هەموومان پێکەوە ئەم قۆناغە، واتە ئەو قۆناغەی کە شەڕ و پێکدادان تێیدا دەوەستێت و چەک بێدەنگ دەبێت، وەک زەمینەیەک ببینین کە دەتوانین بەهێزتر دەنگی خۆمانی تێدا بگەیەنین."
سەبارەت بە کێشەی بێکاری و هەژاری کە گەنجان پێوەی دەناڵێنن، وتی: "ئێمە کاندیدین بۆ بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە بە بەرنامەیەک کە نەک تەنها ڕەخنە لە کێشەکان دەگرێت، بەڵکو چارەسەریان دەکات. دەتوانین بەرەنگاری بێکاری و هەژاری ببینەوە. با لەبیرمان نەچێت کە تورکیا بە سەرچاوە هەنووکەییەکانی خۆی وڵاتێکی کشتوکاڵییە. کاتێک هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک پلانی بۆ دادەنێین، دەتوانین بە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە ئەمە بەدی بهێنین." لە کۆڕبەندەکەدا هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان کەسکین بایندر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد سەرهات ئەرەن و هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی ئامەد ئایشە سێرا بوجاک کوچوکیش ئامادە بوون.
سەرچاوە: Rûdaw