
وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ناڕەزایەتی بەرامبەر پەسەندکردنی سزای جێگری سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ دەردەبڕێت
ئایشەگوڵ دۆغان ڕەخنەی لە دادگای پێداچوونەوەی ناوچەی وان گرت بەهۆی پەسەندکردنی سزای زیندانیکردنی محەمەد سدیق ئاکیش و تۆمەتبارانی دیکە.
دادگای پێداچوونەوەی ناوچەی وان، ئەو سزایەی کە بەسەر محەمەد سدیق ئاکیش جێگری سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگدا سەپێنرابوو، پەسەند کرد. ئاکیش پێشتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەیوم لە شوێنەکەی دانرا، دادگاکە بە تۆمەتی "بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تیرۆریستی" سزای ١٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بۆ پەسەند کرد و بڕیاری بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنەکەشی دا.
ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە ڕایگەیاند، ئاماژەی بە گفتوگۆکانی دەسەڵات لەسەر "پرۆسە" و "یاسای چوارچێوە" کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکانی ئاشتی دەبێت بە متمانە و گەرەنتی بنیات بنرێن و پرسیاری ئەوەی کرد: "بەو ناکۆکییانەوە چۆن مەترسییەکان دەگۆڕدرێن بۆ دەرفەتی گەورە؟"
لە هەمان دۆسیەدا، سزای ٨ ساڵ و ٩ مانگ زیندانیکردن بۆ عیزەت بەلگە، حیفزوڵڵا کانسو، قەدرییە ئیلباش، میکائیل ئاتان، سەیهان شاهین و فاروق یڵدز بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراو" پەسەند کرا، هەروەها سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیکردنیش بۆ تاهیر کۆچ، حوسنا ساغین و حەمدییە چیفتچی ئۆکسوز پەسەند کرا.
سەرچاوە: Rûdaw