
پارتی دەم لە مێردین کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە بودجە و کێشەکانی شارەکە ئهنجامدا
پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی خۆجێیی پارتی دەم، کێشە ئابوورییەکان، ئاستەنگەکانی بودجە و هەڵسەنگاندنەکانی پرۆسەی ئاشتییان لە شارەوانی ئارتوکلۆ تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە مێوانداری شارەوانی ئارتوکلۆ لە هۆتێل ئیزالا، پەرلەمانتارانی پارتی دەم لە مێردین، هاوسەرۆکانی پارێزگا و ناوچەکان و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان، ڕاکانی خۆیان لەسەر کێشە ئابوورییەکانی شارەکە، ئاستەنگەکانی بودجەی شارەوانییەکان، بڕینی کەرەبا و کەموکوڕییەکانی ژێرخان خستەڕوو. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە گشتییەکان کرایەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی کرا.
محەمەد عەلی ئاماک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئارتوکلۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی بە وتاری دەستپێک کردەوە و ڕایگەیاند ئامانجی کۆبوونەوەکە گوێگرتنە لە ڕای ڕۆژنامەنووسان و هەڵسەنگاندنی کێشەکانی شارەکەیە بە ئاقڵییەکی بەکۆمەڵ. ئاماک جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نەک تەنیا ئارتوکلۆ، بەڵکو پێداویستییەکانی هەموو ناوچەکانی مێردین تاوتوێ بكرێن و پەرلەمانتاران ئەم کێشەیە ببەنە ڕۆژئەڤەی پەرلەمانی تورکیا (TBMM).
ئاماک ئاماژەی بەوەدا کە وەک شارەوانی ئارتوکلۆ لە گەڕەکە ناوەندی و گوندییەکاندا کاری پاککردنەوە، دروستکردن و چاککردنەوەی ڕێگاوبان، ڕێکخستنی شۆستە، کاری پارك، پرۆژەی ژنان و چالاکی ڕۆشنبیری بەڕێوەدەبەن. بەڵام دۆخی دارایی شارەوانی بووەتە هۆی دواکەوتنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە کاتی خۆیدا و بەم وتانە ڕوونی کردەوە: "بێگومان لەم پرۆسەیەدا ڕەخنە لە خۆشمانی دەگرین. بەڵێ، جارجارە دواکەوتن لە کارەکانماندا ڕوودەدات. سەرەکیترین هۆکاری ئەمەش دۆخی دارایی و ئاستەنگەکانی بودجەی شارەوانییەکەمانە."
سەرچاوە: Mardin İletişim Gazetesi