
کاندیدی دیموکرات کۆپلاند، ڕەخنەی لە سیاسەتی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەسەڵاتەکانی کۆنگرێس گرت
داردن کۆپلاند، کاندیدی دیموکرات لە تێنێسی، بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر ئێران و هەڵوێستی کۆنگرێس لەسەر دەسەڵاتەکانی جەنگ گرت.
داردن کۆپلاند، کاندیدی پارتی دیموکرات بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ویلایەتی تێنێسی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕووداو، بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ئابووریی ناوخۆی وڵاتەکە گرت. کۆپلاند ئاماژەی بەوە کرد کە کۆنگرێس دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی بەخشیوەتە سەرۆک و داوای گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی لەسەر گرژییەکانی ئێران کرد.
کۆپلاند ڕایگەیاند کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بڕیاری جەنگی بە تەنیا بۆ خۆی قۆرخ کردووە و ئەم دۆخە بە بەڕێوەبردنی قەیرانێکی "بێ دید و ڕەق" وەسف کرد. لە کاتی باسکردنی گرژییە سەربازی و سیاسییەکانی لەگەڵ ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کۆنگرێس دەسەڵاتەکانی جەنگ بۆ خۆی وەربگرێتەوە.
کۆپلاند کە بانگەوازی بۆ دەنگدەرانی ناوچەی ناشڤیل دەکات، کە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری کورد بە "کوردستانی بچووک" ناسراوە، ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی ناوچەکە هەیە و ئەگەر هەڵبژێردرێت، لە واشنتن بەرگری لە مافەکانیان دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆشایی ئەمنیی دروست کردووە و ناوچەکەی بەرامبەر بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لاواز کردووە.
کۆپلاند جەختی لەوە کردەوە کە گەورەترین کێشەی هاووڵاتیانی ناوچەکەی قەیرانی ئابوورییە و بەهۆی نەمان و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک لە ناوەڕاستی تێنێسی، "خەونی ئەمریکی" بووەتە کارێکی ئەستەم.
سەرچاوە: ڕووداو