
گوندی دۆخان بە نەریتەکانی بووک گواستنەوە، میراتی کولتووریی خۆی دەپارێزێت
دانیشتووانی گوندی دۆخان لە دێرسیم، بە جلوبەرگی ڕەسەن، ڕێوڕەسمی بووک گواستنەوە و گۆرانیی کوردی، کولتوورەکەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازنەوە.
گوندی دۆخان سەر بە شارۆچکەی چەمشگەزەک لە دێرسیم، بە زیندوو ڕاگرتنی نەریتەکانی بووک گواستنەوە کە خەریکە لەبیر دەچنەوە، هەروەها جلوبەرگی ناوچەیی و ستران و کلامە کوردییەکان، هەوڵ دەدات میراتی کولتووریی خۆی بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازێتەوە. ئاهەنگەکانی بووک گواستنەوە لە گوندەکەدا، تەنیا ئاهەنگێک نین کە دوو بنەماڵە کۆ بکاتەوە، بەڵکو دەبنە بۆنەیەک بۆ زیندووکردنەوەی کولتووری ڕەسەن.
ژنان بە لەبەرکردنی جلوبەرگە ڕەنگاوڕەنگ و نەخشدارەکان، کولتووری جلوبەرگی ڕابردوو دەپارێزن. خاتوو خەدیجە ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جلوبەرگانە تەنیا شێوازێکی پۆشاک نین، بەڵکو میراتێکی کولتوورین و دەڵێت: "با جلوبەرگەکانمان لەبەر بکەین، پشتێنەکانمان ببەستین و شەر و نەرمەکان لە سەرمان بپێچین".
لە ئاهەنگەکاندا ستران و کلامە کوردییەکان کە ژنان دەیانڵێن، جێگەیەکی گرنگیان هەیە. فەیزی دۆغان، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە، جەختی لەوە کردەوە کە لە هەندێک گوندی دەوروبەر کورمانجی و لە هەندێکی دیکە زازاکی قسە دەکرێت، بەڵام لە دۆخان بۆ ماوەی چەندین نەوە هەمان جلوبەرگ و ئاوازەکان زیندوو ڕاگیراون. ناوبراو وتی: "لێرە ٣-٤ گوند هەیە... لە گوندی ئێمە ڕەنگە ١٠٠ یان ٢٠٠ ساڵ بێت دایک و باپیرانمان ئەم جلوبەرگانە لەبەر دەکەن و ئەم ئاوازانە دەڵێن".
سەرچاوە: Rûdaw