
لە دێرسیم ڕووباری ڕۆژ لافاوی لێکەوتەوە، لافاوەکە زیانی بە باخ و کەلوپەلەکان گەیاند
دوای بارانبارینی بەخوڕ لە بەیانی ئەمڕۆدا، ڕووباری ڕۆژ لە گوندی قوتودەرەی دێرسیم لافاوی لێکەوتەوە و ئاوی لافاوەکە زیانی بە کەلوپەلی ماڵان و باخەکان گەیاند.
لە گوندی قوتودەرەی سەر بە ناوەندی دێرسیم، دوای بارانبارینی بەخوڕ لە بەیانی ئەمڕۆدا، ڕووباری ڕۆژ لافاوی لێکەوتەوە. لافاوەکە بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان کەلوپەلەکانیان لەدەست بدەن و زیان بە باخ و بێستانەکانیش گەیشت.
سەعادەت دینچەر، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە لافاوەکە لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ١٠:٠٠ی بەیانی ڕوویدا و لە ناوچەی بنکەی تەندروستییەوە بەره و خوارەوە هات و هەموو شتێکی لەگەڵ خۆی برد. سێما دورگونیش وتی، دوای بیستنی دەنگێکی بەرز لافاوەکە چووەتە ناو باخەکانیان، بە زەحمەت توانیویانە دایکیان ڕزگار بکەن و وتیشی کە لە ماوەی ٤٠ ساڵدا بۆ یەکەمجارە لافاوێکی لەم شێوەیە دەبینن.
بارانبارینەکە لە سەرانسەری دێرسیمدا کاریگەری هەبوو؛ لە گەڕەکی ئەتاتورک شەقامەکان پڕ بوون لە ئاو و شۆفێران و پیادەکان تووشی کێشە بوون. لە ڕێگاوبانەکانی دێرسیم-ئۆڤاجیک و دێرسیم-پولوموردا بەشێوەیەکی پچڕپچڕ هاتوچۆ تێکچوو. هەروەها لە گەشتەکانی فێری (کەشتی) نێوان قەزاکانی پەرتەک و چەمیشگەزەک و شاری ئەلعەزیزیش دواکەوتن ڕوویدا.
سەرچاوە: Rûdaw