
پارێزەر جیهان سۆیلەمەز داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سێدارەدانی سەید ڕەزا و ٦ کەسایەتیی دێرسمی کرد
پارێزەر جیهان سۆیلەمەز داواکارییەکی پێشکەشی وەزارەتی داد کرد و تێیدا داوای کرد بڕیارەکانی دادگا سەبارەت بە سێدارەدانی سەید ڕەزا و شەش کەسایەتیی دێرسم لە ساڵی ١٩٣٧دا بەپێی یاسا هەڵبوەشێنرێنەوە.
پارێزەر جیهان سۆیلەمەز لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا لە ڕێگەی دادئەستێنی گشتیی دێرسمەوە، داواکارییەکی ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری سزایی لە وەزارەتی داد کرد. لە داواکارییەکەدا داوا کراوە بڕیاری سێدارەدانی سەید ڕەزا و شەش لە ڕووسپیاوانی دێرسم لە ساڵی ١٩٣٧دا "لهپێنناو بەرژەوەندیی یاسادا" هەڵبوەشێنرێتەوە.
سۆیلەمەز ئاماژەی بەوە دا کە بڕیارەکانی سێدارەدان بێ بەخشینی مافی پێداچوونەوە (تەمیز) جێبەجێ کراون، ئەمەش پێچەوانەی دەستووری ساڵی ١٩٢٤، یاسای سزا و یاسای دادگەریی سزایی بووە، هەروەها جێبەجێکردنی "یاسای دێرسم"یش پێچەوانەی دەستوور بووە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکان لە نێوان ١٢ی تشرینی یەکەم تا ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٣٧ لە ئەلازیغ بەپێی بڕگە تایبەتەکانی یاسای دێرسم دراون و لە شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٣٧دا سێدارەدانەکان جێبەجێ کراون.
پارێزەرەکە وەبیری هێنایەوە کە یاسای دێرسم بە شێوازێک پێچەوانەی دەستووری ساڵی ١٩٢٤ لە پەرلەمان پەسند کراوە و لەو سەردەمەشدا دەزگایەکی چاودێری وەکو دادگای دەستووری نەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو قۆناغەدا، یەکێک بووە لە گەورەترین پێشێلکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە مێژووی کۆماردا. ئەم داواکارییە دوای ٨٩ ساڵ بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگا لە هەمان دۆسیەدا پێشکەش کراوە و چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی پرۆسەی یاسایی دەکرێت.
سەرچاوە: Rûdaw