
نامەیەکی ٢٥ لاپەڕەیی لە سوپای پاسدارانەوە بۆ گەلی ئەمریکا
حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە نامەیەکی ٢٥ لاپەڕەییان ئامادە کردووە کە تێیدا هۆکارەکانی هێرشکردنە سەر ئەمریکا و پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل ڕوون دەکەنەوە.
حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، لە ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران ڕایگەیاند کە نامەیەکی ٢٥ لاپەڕەییان بۆ گەلی ئەمریکا ئامادە کردووە. لەو نامەیەدا باس لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی هێرشکردنە سەر ئێران، دەستدرێژکاریی جیهانیی ئەمریکا و پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل کراوە.
موحیبی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا لە ڕێگەی ٢٠٠ کەناڵی تەلەفزیۆنی و ١٠٠ ڕادیۆوە بانگەشە دەکات و بودجەی بەرگرییەکەی تریلیۆنێک و ١٠٠ ملیار دۆلارە، بەڵام لەو دەستێوەردانە سەربازییانەی لە وڵاتانی خاوەن بودجەی کەم وەک ئەفغانستان و ئێران ئەنجامی داون، سەرکەوتوو نەبووە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ٨٥ ملیار دۆلار چەکی لە ئەفغانستان بەجێهێشت و هەڵات، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی وزە و دەریاییە، بەڵام ٣٩ ملیۆن کەسی هەژار لە شەقامەکانی وڵاتەکەیدا هەن.
وتەبێژەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەرپرسانی ئەمریکا گرنگی بە دۆخی ئابووری و بیرکردنەوەی گەلی خۆیان نادەن و تەنها پێشینەیان بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلە. وتیشی کە ئەوەی هاووڵاتییەکی ئەمریکی دوای ڕووداوێک ناتوانێت پارەی ئەمبوڵانس بدات، نیشانەی ئەوەیە بەرپرسان بیریان لە گەلەکەیان نەکردووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ٢١ هەزار منداڵ لە غەززە بەو چەکانە کوژراون کە ئەمریکا بۆ ئیسرائیلی دابین کردووە و سوپای پاسداران بە تیرۆریست ناسێنراوە.
سەرچاوە: Kurdistan24