
تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیدا لە ناوچەی عەیاشی دێرەزوور ڕوویدا
تەقینەوەیەکی گەورە لە کۆگایەکی تەقەمەنیدا لە ناوچەی سەربازیی عەیاش لە ڕۆژئاوای پارێزگای دێرەزووری سوریا ڕوویدا.
میدیای فەرمیی سوریا بڵاوی کردەوە، تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیدا لە ناوچەی سەربازیی عەیاش لە ڕۆژئاوای پارێزگای دێرەزوور ڕوویداوە. لە کاتی تەقینەوەکەدا دەنگێکی زۆر بەرز لە ناوچەکەدا بیسترا و بووە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لە لای دانیشتووان.
دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی ڕزگارکردن، فریاکەوتن، ئەمبۆڵانسەکان و یەکەکانی بەرگریی شارستانی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران. تیمەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و فریاکەوتنی بریندارە ئەگەرییەکان ئاراستەی ناوچەکە کران.
تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بە زیانی گیانی، ژمارەی برینداران، ئاستی زیانە مادییەکان و هۆکاری تەقینەوەکە بڵاونەکراوەتەوە. ڕاگەیەندراوە کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە کردووە.
سەرچاوە: Kurdistan24