
بەکارهێنانی ڕێنمایی دەرمانی دیجیتاڵی لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ دەست پێدەکات، بەساڵاچووان چۆن زانیاری وەردەگرن؟
لە کاتێکدا ڕێنماییە کاغەزییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لادەبرێن، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەو نەخۆشانەی مۆبایلی زیرەکیان نییە دەتوانن لە دەرمانسازەکان زانیاری وەربگرن.
ڕێنماییە کاغەزییەکانی ناو قوتووی دەرمانەکان، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دەگوازرێنەوە بۆ سیستەمی دیجیتاڵی. هاووڵاتیان دەتوانن بە سکانکردنی ئەو کۆدەی (QR code) لەسەر قوتووەکەیە، دەستیان بە ڕێنماییەکانی بەکارهێنانی دەرمانەکە بگات؛ بەڵام لە هەندێک دەرماندا بەکارهێنانی ڕێنمایی چاپکراو بەردەوام دەبێت.
ئەحمەد تورگای یاشار، سەرۆکی ژووری دەرمانسازانی دیاربەکر ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێنمایی دیجیتاڵی ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە بەتایبەت بۆ هاووڵاتیانی بەساڵاچوو و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە. بەو پێیەی خوێندنەوەی ڕێنمایی کاغەزی نەریتێکی چەند ساڵەیە، جەخت لەوە کرایەوە کە ئەو کەسانەی شارەزاییان لە بەکارهێنانی ئامێرە دیجیتاڵییەکاندا کەمە، ڕەنگە لە خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمە نوێیەکەدا تووشی کێشە ببن.
یاشار بیرخستەوە کە ئەو هاووڵاتیانەی مۆبایلی زیرەک بەکارناهێنن یان لە سکانکردنی کۆدەکەدا کێشەیان هەیە، دەتوانن لە دەرمانسازەکان زانیاری لەسەر شێوازی دروستی بەکارهێنانی دەرمان، کاریگەرییە لاوەکییەکان و مەرجەکانی هەڵگرتنی دەرمانەکە وەربگرن. دەرمانسازان لە پرۆسەی گواستنەوە بۆ سیستەمی دیجیتاڵیدا، وەک نزیکترین ڕاوێژکاری تەندروستی بۆ هاووڵاتیان ڕۆڵ دەگێڕن.
سەرچاوە: Amida Haber