
دادگای ئیداری یەکەمی ئامەد پڕۆژەی کانگای پۆمزی لە گوندی چۆمچەلی هەڵوەشاندەوە
دادگاکە بەو هۆکارەی پڕۆژەکە زیان بە سەرچاوەی بژێوی خەڵک، ناوچەی سروشتی پارێزراو و سیستەمی ژینگەی دارستانەکان دەگەیەنێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی کانگای پۆمزی دەرکرد.
دادگای ئیداری یەکەمی ئامەد بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی کانگای پۆمزی دا کە بڕیار بوو لە گوندی چۆمچەلی سەر بە قەزای چنار جێبەجێ بکرێت. دادگاکە ڕایگەیاند کە پڕۆژەکە زیان بە سەرچاوەی بژێوی خەڵکی ناوچەکە، ناوچەی سروشتی پارێزراوی پلە یەکی "دیشلی باشاک" و سیستەمی ژینگەی دارستانەکان دەگەیەنێت.
دوای دەرچوونی بڕیارەکە، کۆمیسیۆنی ژینگە و یاسای شاری سەر بە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی دادگا لە ماڵپەڕەکەیاندا بڵاوکراوەتەوە و پڕۆژەکە هەڵوەشاوەتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گوندی چۆمچەلی پێشتر بەهۆی گەمارۆی سەربازی و دەستێوەردانی ناڕەواوە کەوتبووە بەر سەرنجی ڕای گشتی.
کۆمیسیۆنەکە بە دەربڕینی ئەوەی "بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە تا کۆتایی بەرگری لە ناوچەکانی ژیانمان دەکەین"، جەختیان لەسەر سووربوونی خۆیان لە خەباتی یاساییدا کردەوە. ڕاگەیەندرا کە دەکرێت بڕیارەکەی دادگا لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەندیکای پارێزەرانی ئامەدەوە بەدەست بهێنرێت.
سەرچاوە: Amida Haber