
شارەوانیی ئامەد پێش بارانبارین بۆ پاککردنەوەی مەزغەل و مەنافیزەکانی ئاو لە شەودا دەستی بە کارکردن کرد
شارەوانیی گەورەشاری ئامەد وەک ئامادەکارییەک بۆ بارانبارینی چاوەڕوانکراو، سەدان کارمەندی لە کاتی شەودا بۆ پاککردنەوەی مەزغەل و مەنافیزەکانی ئاوی باران لە شارەکەدا خستە کار.
شارەوانیی گەورەشاری ئامەد بەپێی هەڵسەنگاندنە کەشوهەواییەکان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و لافاو پێش بارانبارینی چاوەڕوانکراو، هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی دەستپێکرد. تیمەکان کە لە ژێر چاودێریی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پاراستن و کۆنتڕۆڵی ژینگەدا پێکهێنراون، لە ماوەی شەودا یەک بە یەکی مەزغەل و مەنافیزەکانی ئاوی بارانیان پاککردەوە.
لە کارەکاندا سەدان کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئامەد (DİSKİ) و سەرۆکایەتیی فەرمانگەکانی پاراستن و کۆنتڕۆڵی ژینگە، باخچە و پارکەکان و کاروباری تەندروستی بەشدارییان کرد. تیمەکان گەڵا، زبڵ، خاک و پاشماوەکانی دیکەیان لە مەزغەل و مەنافیزەکان پاککردەوە کە دەبوونە ڕێگر لەبەردەم ڕۆشتنی ئاو لە کاتی بارانباریندا، بەمەش ئەگەری بەسترانی شەقامە سەرەکییەکانیان کەمکردەوە.
پاککردنەوەکە لە شەقام و بوارە قەرەباڵغەکانی ناوچەکانی باغلار، کایاپنار، یەنی شەهیر و سور چڕبووەوە؛ بۆ نموونە لە باغلار شوێنەکانی وەک بواری قامیشلۆ، شەقامی ئۆرهان دۆغان، شەقامی ئەڤریم ئالاتاش و بواری ئارام تیگران، هەروەها لە کایاپنار شەقامی ناظم حیکمەت و بواری فڕات پشکنینیان بۆ کرا. تیمەکانی شارەوانی لە حاڵەتی بارانبارینی بەخوڕدا بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو و بۆ دڵنیابوونەوە لە کارکردنی بێ کێشەی هێڵەکانی ئاوی باران، بەردەوام دەبن لە کارەکانی پاککردنەوە.
سەرچاوە: Tigris Haber