
لە ئامەد کێشەی دزەکردنی دەمەوانەی دەستکردی دڵ بە ڕێگەی داخراو چارەسەر کرا
دزەکردنی دەمەوانەی دەستکردی دڵی ئەیووب بیتکین-ی تەمەن ٥٠ ساڵ، بە سەرکەوتوویی بە ڕێگەی ئەنجیۆگرافی داخراو چارەسەر کرا.
لە شاری ئامەد، ئەیووب بیتکین-ی تەمەن ٥٠ ساڵ و باوکی سێ منداڵ، ١٣ ساڵ لەمەوبەر لە نەخۆشخانەی فاکەڵتی پزیشکی زانکۆی دیجلە نەشتەرگەری دانانی دەمەوانەی دەستکردی دڵی (میتراڵ) بۆ ئەنجامدرابوو. نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر بەهۆی سەرهەڵدانەوەی کێشەی تەنگەنەفەسی و سکاڵاکانی دیکە، سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاری و لێکۆڵینەوەی غازی یاشارگیلی لە ئامەد کرد و دەرکەوت کە لە لێواری دەمەوانە دەستکردەکەی دڵیدا دزەکردن هەیە. بەهۆی ئەو دزەکردنەوە، توانای پاڵنانی دڵی بۆ ٣٥٪ دابەزیبوو و تووشی سستییەکی توندی دڵ ببوو.
بەهۆی ئەوەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی دیکەی کراوەی دڵ مەترسییەکی زۆری هەبوو، بڕیاردرا بە ڕێگەی داخراو چارەسەر بکرێت. دکتۆر موراد چاپ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی غازی یاشارگیل و تیمەکەی، لە ڕێگەی خوێنبەرەکانی ڕانەوە بە شێوازی ئەنجیۆگرافی گەیشتنە دڵی نەخۆشەکە و بە تێپەڕبوون لە پەردەی نێوان ژوورەکانی دڵ، ئەو دزەکردنەی لە لێواری دەمەوانە دەستکردەکەدا هەبوو، بە بەکارهێنانی ئامێرێکی تایبەتی داخستن، چارەسەر کرا.
دوای نەشتەرگەرییەکە بیتکین نەخۆشخانەی بەجێهێشت؛ لە پشکنینەکاندا دەرکەوت کە دزەکردنەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و کێشەکانی تەنگەنەفەسی، لێدانی خێرای دڵ و بێهێزییەکەی بەرەو باشبوون چوون. دکتۆر چاپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم نەشتەرگەرییە بۆ یەکەمجارە بە سەرکەوتوویی لە شاری ئامەد ئەنجام دەدرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24