
لە ئامەد؛ باج و سزای دواکەوتوو بۆ ئەو تاپۆیانەی بەهایان کەمتر تۆمار کراوە
وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا، چاودێرییەکانی لەسەر ئەو تاپۆیانەی بەهایان کەمتر تۆمار کراوە چڕ کردووەتەوە و دەستی بە وەرگرتنی باجی زیادە کردووە.
وەزارەتی گەنجینە و دارایی لە ساڵی ٢٠٢٦دا چاودێرییەکانی لەسەر ئەو کەسانە چڕ کردەوە کە لە کاتی تاپۆکردندا نرخی ڕاستەقینەی فرۆشتن بە کەمتر نیشان دەدەن. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان (GİB)، تۆمارەکانی تاپۆ لەگەڵ سەرچاوە داتاییەکانی دیکە بەراورد دەکات و لێکۆڵینەوە لەو جیاوازییانە دەکات کە لە نێوان بڕی ڕاگەیەندراو و بەهای ڕاستەقینەی فرۆشتندا هەیە.
لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەدا، دەستکراوە بە سەپاندنی باجی زیادەی تاپۆ و سزای دارایی بەسەر هەردوو لایەنی کڕیار و فرۆشیاردا. ئەم ڕێکارانە ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە بەهۆی کەمتر نیشاندانی بەهای موڵکەکەیان، باجی تاپۆی کەمتر دەدەن.
مەحمود ئارسلان، سەرۆکی یەکێتی ڕاوێژکارانی خانووبەرە لە ئامەد، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕابردوودا هاووڵاتییان مامەڵەکانی تاپۆیان بەپێی ئەو نرخەی شارەوانییەکان دیارییان کردبوو ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا بەهۆی هەمان ئەو ڕاگەیاندنانەوە ڕووبەڕووی باجی دواکەوتوو دەبنەوە. ئارسلان جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەت لەم بارەیەوە زانیاری پێویستی بە هاووڵاتییان نەداوە و کەمتەرخەمی لە هۆشیارکردنەوەی گشتیدا هەیە.
ئارسلان بە نموونە هێنایەوە کە ئەگەر شوقەیەک ٥ ملیۆن لیرە بێت و نرخی شارەوانییەکەی ٢ ملیۆن لیرە بێت، وەزارەتی دارایی ئەو جیاوازییە دەستنیشان دەکات و باجی دواکەوتووی لەسەر دەنووسێت. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە شارەوانییەکان نرخەکان بەپێی گەڕەک و مەتر دووجا دیاری دەکەن، بەڵام زۆرجار ئەو نرخە گوزارشت لە بەهای ڕاستەقینەی بازاڕ ناکات.
سەرچاوە: Amida Haber