
کۆنفرانسی 'ئەدەبیات و ئاشتی' لە ئامەد: دەبێت کوردی ببێتە زمانی خوێندن
لە کۆنفرانسێکدا کە بە هاوبەشی لەلایەن پێنی نێودەوڵەتی و پێنی کوردییەوە ڕێکخرابوو، جەخت لەوە کرایەوە کە ئاشتی بە زمانی خوێندنی کوردی دەستەبەر دەبێت.
لەژێر چاودێریی پێنی نێودەوڵەتی و پێنی کوردی، کۆنفرانسی "ئەدەبیات و ئاشتی" بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی عەلی ئەمیری لە ئامەد بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە بە دروشمی "ڕۆڵی ئەدەبیات، زمان و ڕووناکبیران لە پڕۆسەکانی ڕووبەڕووبوونەوە، ئاشتەوایی، ئاشتی و یەکسانی" کۆبووەوە و بە هاوکاریی شارەوانیی گەورەی ئامەد و شارەوانییەکانی قەیپەنار، باغلار، یەنی شەهیر و سور ڕێکخرا.
لە نێو بەشداربوواندا، جگە لە تورکیا و هەرێمی کوردستان، نووسەر، ڕووناکبیر و ئەدیبانی دیاری ڕەوەندی کوردی، وڵاتی باسک، کاتالۆنیا و چیلی ئامادە بوون. بورهان سۆنمەز، سەرۆکی پێنی نێودەوڵەتی لە کاتی کردنی کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بە بەحسەکانی پڕۆسەی نوێ لە تورکیا کرد و ڕایگەیاند کە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام دەبێت زیندانیانی سیاسی ئازاد بكرێن، ئەوانەی لە شاخن بگەڕێنەوە مالەکانیان، کوردی ببێتە زمانی خوێندن، ناسنامەی کوردی بە فەرمی بناسرێت و کۆتایی بە سیاسەتی قەیوم بهێنرێت.
لە کۆنفرانسەکەدا، نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی کە ئەزموونی پاراستنی زمانی دایک و پڕۆسەکانی ئاشتەوایی سیاسییان تێپەڕاندووە، ئەزموونی خۆیان بەشکرد. ئورتزی ئوروتیکۆێتکسیا، سەرۆکی پێشووی کۆمیتەی مافەکانی زمان و وەرگێڕانی پێنی نێودەوڵەتی، باسی لە تێپەڕاندنی ئاسیمیلاسیۆن لە وڵاتی باسک و کاریگەریی مافە یاساییەکان لە زینووڕاگرتنی زماندا کرد. نووسەری کاتالۆنی کارلس تورنەریش جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی زمان بە گەرەنتیی یاسایی مەیسەر دەبێت.
سەرچاوە: Rûdaw