
لە ئامەد ژنێک دوای لێدانی دەرزی توانای ڕۆیشتنی لەدەستدا و ٧ ساڵە کەوتووەتە سەر جێگا
مەیمەنەت ئاکالان-ی تەمەن ٥٠ ساڵ، کە لە نەخۆشخانەیەکی ئامەد دوای لێدانی دەرزی هەردوو قاچی لەدەستدا، ٧ ساڵە لەسەر جێگا ژیان بەسەر دەبات و چاوەڕێی هاوکارییە.
مەیمەنەت ئاکالان-ی تەمەن ٥٠ ساڵ، کە دانیشتووی گەڕەکی ئیسکەندەرپاشای ناوچەی باغلاری ئامەدە، لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بەهۆی نەخۆشییەکەوە سەردانی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی لە داغکاپێ کرد. لە ٢٤ی تشرینی یەکەمدا دوای ئەوەی سێڕۆم و دەرزی بۆ کرا، کەمێک دواتر هەستی قاچەکانی بەتەواوی لەدەستدا و هەر کاتێک هەوڵی دەدا هەستێتە سەر پێ، دەکەوتە سەر زەوی.
ئاکالان ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ڕووداوەکە پۆلیس بانگهێشت کراوە و ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ کراوە. ئەو سکاڵای لە دژی ئەو کارمەندە تەندروستییانەی دەرزییەکەیان لێداوە و نەخۆشخانەکە تۆمار کردووە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧ ساڵ، هێشتا هیچ ئەنجامێک لە دۆسیەکەدا بەدەست نەهاتووە.
بەهۆی لەدەستدانی توانای جوڵە و مانەوەی زۆر لەسەر جێگا، ئاکالان تووشی کێشەی دیکەی تەندروستی وەک نەخۆشی دڵ، کێشەی کیسەی زەرداو و فتق بووە و چەند نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە. ئاکالان کە پێشتر چارەسەری شێرپەنجەی منداڵدانی کردووە، دوای ئەوەی شێرپەنجەی مەمکیشی بۆ دەستنیشانکرا، نەشتەرگەری بۆ کراوە و ئێستاش بەردەوامە لە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی.
ئاکالان دەڵێت گەورەترین ئاواتی ئەوەیە جارێکی دیکە بتوانێت بڕوات. لە ئێستادا بە هاوکاری بووکەکەی پێداویستییە کەسییەکانی دابین دەکات و دەڵێت ئەو ژیانەی کە ٧ ساڵە لەسەر جێگا بەسەری دەبات ژیانی بەتەواوی گۆڕیوە و چاوەڕێی هاوکارییە.
سەرچاوە: Amida Haber