PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی سەرەکی
سەرەکی

بڕیارێکی نوێ لە دۆسیەی گەندەڵیی بەیئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی باغلار لە ئامەد
دادگا داوای تۆمارە تاپۆکانی پەیوەست بە زیادبوونی سەروەت و سامانی بەیئۆغڵوی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکەیدا کرد.

بڕیارێکی نوێ لە دۆسیەی گەندەڵیی بەیئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی باغلار لە ئامەد

دادگا داوای تۆمارە تاپۆکانی پەیوەست بە زیادبوونی سەروەت و سامانی بەیئۆغڵوی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکەیدا کرد.

حوسێن بەیئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی باغلار لە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، بەهۆی ئەوەی سەروەت و سامانەکەی لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا لە ١٣.٥ ملیۆن لیرەوە بۆ ٣٢٣.٦ ملیۆن لیرە بەرزبووەتەوە، دادگایی دەکرێت. دەستەی دادگا بڕیاریدا بە شێوەیەکی بەپەلە لیستی تەواوی ئەو موڵکانەی بەیئۆغڵو لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی بەدەستی هێناون، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تاپۆ وەربگیرێت و دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی تر دواخست.

دەنیز گوردیغیر، خوشکی ژنی بەیئۆغڵو، لە بەرگرییەکەیدا سەرچاوەی سەروەتەکەی بۆ ئەو پارەیە گەڕاندەوە کە دایکی لە ڕێگەی خوێندنەوەی مەولوود لە ئاهەنگ، پرسە و بۆنەکاندا بەدەستی هێناوە. گوردیغیر وتی: "ئەو پارانە ئەو سامانەن کە پێش ئەوەی حوسێن ببێتە سەرۆکی شارەوانی خاوەنی بووم. دایکم تا پێنج ساڵ لەمەوبەر پارەیەکی باشی لەو کارە دەست دەکەوت."

ڕاپۆرتێکی دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان (MASAK) ئاشکرای کردووە کە گوردەغیر پارەی بێ تۆمارکردنی بە ڕێگەی گواستنەوەی بانکییەوە ئاراستە کردووە و لە پرۆسەی کڕینی باڵەخانەیەکی سێ نهۆمیی خاوەنکارێک بە نرخێکی کەمتر لە بەهای خۆی، ناوبژیوان بووە بۆ گواستنەوەی ٧١٠ هەزار دۆلار. هەروەها دەرکەوتووە ئەو ملیۆنان لیرەیەی لە فرۆشتنی زێڕ بەدەستی هێناوە، خستوویەتییە سەر هەژمارێک کە بە ناوی برازا بچووک و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی بە ناوی ئەبرار بۆرو کردوویەتییەوە، ئەو هەژمارانەش لەسەر ئاگادارکردنەوەی MASAK بلۆک کراون.

بەیئۆغڵو بەرگری لە خۆی کرد و ڕای گەیاند کە دوای خانەنشینبوون لە دەزگای کاروباری ئایینی (دیانەت) دەستی بە بازرگانی کردووە و خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ ئۆتۆمبێل و موڵک و ماڵە و تۆمەتەکانی بە بوختان ناو برد. لە دۆسیەی دادگادا ئەوەش دیاری کراوە کە بەیئۆغڵو خانوویەکی هاوسەرەکەی دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ (لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩) کڕیوە، بەڵام لە ڕاگەیاندنی سامانەکەیدا ڕێکەوتەکەی بە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ نیشان داوە و دەستکاریی بەڵگەنامەکەی کردووە. لە ڕاگەیاندنی سامانی بەیئۆغڵودا ١٠ کیلۆ و ٣٥٠ گرام زێڕ، ١٥٠ هەزار دۆلار، ١٠٠ هەزار و ٦٠٠ یۆرۆ، ٢ ملیۆن لیرەی تورکی، دوو ئۆتۆمبێل و ٢ کیلۆ و ٩٠٠ گرام زێڕی دیکەش هەن.

سەرچاوە: Diyarbakır Yenigün

هەواڵی پەیوەندیدار