
لە ئامەد ڤێلای گرانبەها نافرۆشرێت، وەبەرهێنەران ڕووبەڕووی مەترسی ئیفلاس بوونەتەوە
هەزاران ڤێلای گرانبەها کە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠٢٣ دروستکراون، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی کڕیار نافرۆشرێن.
دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠٢٣، هەزاران ڤێلای گرانبەها لە ئامەد دروستکران، بەڵام سەرەڕای ئەوەی تەواو بوون یان لە قۆناغی دروستکردندان، ڕووبەڕووی نەبوونی کڕیار بوونەتەوە. ئەنەس ئاکدەمیر، بەرپرسێکی یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی خانووبەرە لە ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ٥ هەزار ڤێلا لە سەرتاسەری شارەکەدا دروستکراون و زۆربەیان هێشتا بە چۆڵی ماونەتەوە.
نوێنەرانی کەرتی خانووبەرە جەخت لەوە دەکەنەوە کە فرۆشتن وەستاوە و بانکەکان پێدانی قەرزیان ڕاگرتووە، هەروەها تەنگژەی ئابووری هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانەیە. ئۆزگور مەمەدئۆغڵو، کە وەبەرهێنەرێکی بواری بیناسازییە، وتی: بازرگانان وەستاون و پڕۆژەکانی ڤێلا پێش ناکەون، دەوڵەتیش نە بە هاووڵاتییان و نە بە بازرگانان دەرفەتی وەرگرتنی قەرز نادات.
ئامارەکانی فرۆشتنیش پاشەکشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. لە کاتێکدا پێشتر مانگانە لانیکەم دوو ڤێلا دەفرۆشرا، ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ فرۆشتنی یەک ڤێلا لە سێ مانگدا دابەزیوە. ئەم دۆخە وایکردووە بەتاڵکردنی کۆگای خانووە گرانبەهاکان نزیکەی مەحاڵ بێت.
پێش بوومەلەرزەکە، دروستکردنی ڤێلا بە شێوەیەکی سەرەکی تەنها لە ناوچەی سوور بوو، بەڵام دوای بوومەلەرزەکە بۆ ناوچەکانی یەنیشەهیر و کایاپینار-یش بڵاوبووەوە. بەڵام لە بەرامبەر زیادبوونی خستنەڕوو، سەختبوونی مەرجەکانی دارایی بووەتە هۆی ئەوەی کەرتی خانووبەرە تووشی وەستانێکی گەورە ببێت.
سەرچاوە: Diyarbakır Yenigün