
لە ئامەد بە ڕێگەی داخراو کێشەی دزەکردنی دەستکردی دڵ چارەسەر کرا
لە نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی غازی یاشارگیلی ئامەد، نەشتەرگەرییەکی داخراو بۆ نەخۆشێکی تەمەن ٥٠ ساڵ ئەنجامدرا و مەترسیی نەشتەرگەرییەکی دیکەی کراوەی دڵی بۆ نەخۆشەکە نەهێشت.
لە ئامەد، کێشەی دزەکردن لە دەستکردی دڵی نەخۆشێک بە ناوی ئەیووب بیتکین کە تەمەنی ٥٠ ساڵە، بە ڕێگەی ئەنجیۆگرافی چارەسەر کرا. دوای ئەوەی نەخۆشەکە پێشتر لە نەخۆشخانەی فاکەڵتی پزیشکی زانکۆی دیجلە نەشتەرگەری گۆڕینی کەلێنەی دڵی (میترال) بۆ کرابوو و لەم دواییانەدا جارێکی دیکە تووشی تەنگەنەفەسی ببوو، دکتۆر موراد چاپ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی غازی یاشارگیل و تیمەکەی بڕیاریاندا ڕێگەی داخراو بەکاربهێنن.
لەو پرۆسەیەدا، لە ڕێگەی خوێنبەرەکانی ڕانەوە بە ئەنجیۆگرافی گەیشتنە دڵ و بە بەکارهێنانی ئامێرێکی تایبەت، ئەو شوێنەی دزەی دەکرد داخرا. بە بەکارهێنانی ئیکۆکاردیۆگرافی سێ ڕەهەندی، دزەکردنەکە بە وردی هەڵسەنگێندرا و بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەری دووەمی کراوەی دڵ مەترسییەکی زۆری هەبوو، بڕیاردرا نەشتەرگەرییەکی داخراو ئەنجام بدرێت.
دکتۆر موراد چاپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرۆسەیە بۆ یەکەمجارە بە سەرکەوتوویی لە ئامەد ئەنجام دەدرێت. لە پشکنینەکانی دوای چارەسەرەکەدا دەرکەوت کە دزەکردنەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و نیشانەکانی وەک تەنگەنەفەسی، لێدانی خێرای دڵ و بێهێزی لە نەخۆشەکەدا کەم بوونەتەوە. دکتۆرەکە ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەم نەشتەرگەرییە ڕێگریکردنە لە پێشکەوتنی سستبوونی دڵ و چاوەڕوان دەکرێت کارکردنی دڵی نەخۆشەکە بەرەو باشتر بچێت.
سەرچاوە: Diyarbakır Yenigün