
لە دیاربەکر داواکاری لەسەر دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش زیاد دەکات، نرخەکان ١٠ تا ٢٦ هەزار لیرەن
بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەڵەوی لە دیاربەکر، داواکاری و نرخی دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش وەک ئۆزێمپیک و مونجارۆ زیادی کردووە.
بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپرسیی تەندروستیی تورکیا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن دەستەی ئاماری تورکیاوە، ڕێژەی قەڵەوی لەنێو کەسانی تەمەن ١٥ ساڵ و بەرەو سەر، لە سەدا ٢٠٫٢ لە ساڵی ٢٠٢٢وە بەرزبووەتەوە بۆ سەدا ٢١٫٨ لە ساڵی ٢٠٢٥دا؛ ئەم ڕێژەیە لەنێو ژناندا سەدا ٢٤٫٨ و لەنێو پیاواندا سەدا ١٨٫٧ بووە.
ئەحمەد تورگای یاشار، سەرۆکی ژووری دەرمانسازانی دیاربەکر ڕایگەیاند کە داواکاری لەسەر ئەو دەرزییانەی بۆ دابەزاندنی کێش بەکاردێن وەک ئۆزێمپیک و مونجارۆ زیادی کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا ئەم دەرمانانە لەژێر چەتری دامەزراوەی دڵنیایی کۆمەڵایەتیدا نین و هاوڵاتییان دەبێت خۆیان تێچووەکەی بدەن. ڕاگەیەندرا کە نرخەکان لەنێوان ١٠ هەزار بۆ ٢٦ هەزار لیرەی تورکیدان.
یاشار ئاماژەی بەوەش کرد کە لە پڕۆسەی دابینکردنی دەرمانەکاندا هەندێک جار کۆگا بەتاڵ دەبێت و ماوەی دابینکردنی لەنێوان یەک تا سێ ڕۆژدایە. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە ئەم بەرهەمانە لە بازاڕی دەرمانی تورکیادا دووەم پڕفرۆشترین دەرمانن و قەبارەی بازاڕەکەیان گەیشتووەتە ٣٥٨ ملیۆن دۆلار. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە نابێت ئەم دەرمانانە بەبێ چاودێریی پزیشک بەکاربهێندرێن.
سەرچاوە: Amida Haber