
لە ئەشکەوتێکی سلیڤانی ئامەددا ئێسک و کەللەسەری مرۆڤ دۆزرانەوە
لە ئەشکەوتێکی نێوان گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی سلیڤان، پارچە ئێسک و کەللەسەری ١٥ بۆ ٢٠ کەس دۆزرانەوە.
لە ئەشکەوتێکدا کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی بویونلو (بۆشات) و ئورماندشی (چیچکا) لە شارۆچکەی سلیڤانی سەر بە ئامەد، ئێسک و کەللەسەری مرۆڤ دۆزرانەوە.
لە سەر داواکارییەک کە ڕەوانەی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD) کرابوو، شاندێک پێکهێنرا و لە ١٩ی تشرینی دووەمدا سەردانی ئەشکەوتەکەی کرد. لە کاتی پشکنینەکەدا لە ژێر بەردەکاندا ئێسک و کەللەسەری ١٥ بۆ ٢٠ کەس، نیشانەی هاوشێوەی سووتان لەسەر هەندێک لە ئێسکەکان و قوتییەک دۆزرانەوە. ئەشکەوتەکە لە سێ چین پێکهاتبوو و پشکنینەکە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاند؛ لەگەڵ ئەوەی لە هەموو بەشێکیدا ئێسکی مرۆڤ هەبوو، بەڵام هیچ پارچە جلوبەرگێک ندۆزرایەوە.
فرات ئاکدەنیز، ئەندامی کۆمیسیۆنی بێسەروشوێنکراوانی لقی ئامەدی İHD ڕایگەیاند: "چوونە ژوورەوەی ئەشکەوتەکە مەترسیدارە. بە سەختی توانیمان بڕۆینە خوارەوە. لە چینی دووەمدا ئێسکی زیاتری مرۆڤ دەبینرێن. شوێنەکە تاریکتر بوو و بۆنێکی قورسی هەبوو... لەسەر کەللەسەری هەندێکیان نیشانەی وەکو شوێنی فیشەک هەبوو. هەندێکیان شێواوبوون. ئەگەری ئەوە هەیە هەندێکیان کەللەسەری منداڵ بن." بۆ لێکۆڵینەوە لەو ئێسکانەی دۆزراونەتەوە، داواکاری ڕەوانەی دادستێنی گشتیی سلیڤان کرا.
سەرچاوە: Amida Haber