
لە ناوچەی سووری ئامەد چوار گوند هەفتەیەکە بێ کارەبان
بڕانی درێژخایەنی کارەبا لە گوندەکانی کەبەساكال، کۆزان، تانۆغلو و گوورپنار سەر بە ناوچەی سوور هاووڵاتییانی تووشی گرفت کردووە.
لە گوندەکانی کەبەساكال، کۆزان، تانۆغلو و گوورپناری سەر بە ناوچەی سووری ئامەد، کە دەکەونە پشت زانکۆی دجلە، نزیکەی هەفتەیەکە بڕانی کارەبا بەردەوامە. گوندنشینان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەوانە سەعات ۱۰:۰۰ کارەبا دەبڕدرێت و بەیانیان زوو تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت لە سەعاتێکدا دەدرێتەوە.
عەزیز چنار، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە ڕایگەیاند کە بڕانی کارەبا لە ماوەی ڕۆژیشدا بەردەوامە و پێیان وایە ئەم ڕەوشە لە ئەنجامی دەمەقاڵێیەک لە نێوان تیمەکانی دابەشکردنی کارەبا و هەندێک لە گوندنشینانی گوندی گوورپنار ڕوویداوە. چنار جەختی لەوە کردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بە بەلاش کارەبا بەکاردێنن یاخود قەرزارن زۆر کەمە، بەڵام سەدان هاووڵاتی بە بەردەوامی پارەی فاکتەرەکانیان دەدەن و ئەوانیش لەم بڕانە زیانیان بەرکەوتووە.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە نزیکەی ٦٥٠ کەس لە گوندەکەدا تووشی ئەم گرفتە بوون، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە بە ناوی دورموش گوتی دوو ڕۆژ لەمەوبەر فاکتەری کارەبای بە بڕی ۱۰,۰۰۰ لیرە داوە و هیچ قەرزێکی سەر شانی نییە. ڕاگەیەندراوە کە بەهۆی نەمانی کارەباوە ئامێرە بنەڕەتییەکانی ناو مال وەک سەلاجە و تەلەڤزیۆن کار ناکەن و ژیانی ڕۆژانە نزیک بووەتەوە لە وەستان. گوندنشینان داواکارییان گەیاندووەتە پارێزگای ئامەد، قایمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە و داوای چارەسەرکردنی خێرای ئەم کێشەیە دەکەن.
سەرچاوە: Güneydoğu Ekspres