
رووداوێکی پاس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ٩ گیانلەدەستدان و ١٥ بریندار
لە پارێزگای ئیلام، بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک کە کرێکارانی نەوتی هەڵگرتبوو، ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێوارەی شەممە کاتژمێر ٧:٢٥ خولەک، پاسێکی گواستنەوەی سەرنشینان لەسەر ڕێگای دەشتی عەباس-موڕموڕی لە سنووری قەزای ئاودانان وەرگەڕا. پاسەکە کرێکاران و کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی NGL-ی دەهلۆڕانی هەڵگرتبوو.
لەو ڕووداوەدا ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی ئیلام، دەهلۆڕان، دزفوڵ و ئاودانان گواسترانەوە. بەهزاد نوورمحەمەدی، بەرپرسی فریاگوزاری پارێزگاکە ڕایگەیاند کە ئەم ئامارە دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن بڵاوکراوەتەوە.
حەمزە محەمەدی، بەڕێوەبەری مانگی سووری ئیلام ڕایگەیاند کە دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمێکی فریاگوزاری کە لە ٣٢ کارمەند پێکهاتبوون گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لەو ئۆپەراسیۆنەدا ٦ ئەمبوڵانس، ٣ ئۆتۆمبێلی تایبەتی فریاگوزاری و ٣ ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری بەشدار بوون. ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامیش فەرمانی داوە کە هەموو تواناکانی دامەزراوە تەندروستی و فریاگوزارییەکانی پارێزگاکە بۆ چارەسەری خێرای بریندارەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری پەیوەندیدار بە زیانلێکەوتووانی ڕووداوەکە بەکاربهێنرێن.
سەرچاوە: Kurdistan24