
لە سامەڕا ٢١٤ دەرزی لە سکی نەخۆشێکی ٣٨ ساڵاندا دەرھێنرا
لە نەخۆشخانەی گشتیی سامەڕا، لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەندا ٢١٤ دەرزی لە سکی نەخۆشێکی تەمەن ٣٨ ساڵ دەرھێنرا.
نەخۆشێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بەھۆی ئازارێکی توندی سکەوە گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتیی سامەڕا و دەرکەوت کە سەدان دەرزی لە جەستەیدا ھەیە. تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ دوای جێگیرکردنی باری تەندروستیی نەخۆشەکە، نەشتەرگەرییەکی دەگمەن و ئاڵۆزیان بۆ ئەنجامدا.
لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا، پزیشکانی نەشتەرگەر و تیمی بێھۆشکاری و کارمەندانی ژووری نەشتەرگەری بە ھاوکاریی یەکتر، توانییان ٢١٤ دەرزی و قەفیز لە سکی نەخۆشەکە دەربھێنن. دوای نەشتەرگەرییەکە باری تەندروستیی نەخۆشەکە کۆنتڕۆڵ کرا و ڕاگەیەندرا کە دۆخی تەندروستی بەرەو باشتربوون دەچێت.
دکتۆر عومەر زەھام خەلیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی سامەڕا ڕایگەیاند، توانای چارەسەرکردنی ئەم جۆرە حاڵەتە مەترسیدار و دەگمەنانە، نیشانەی کوالێتیی خزمەتگوزاریی دامەزراوە تەندروستییەکانی ناوچەکەیە و جەختی لەسەر گرنگیی بەھێزکردنی تواناکانی کەرتی تەندروستی کردەوە.
سەرچاوە: کوردستان٢٤