
کابینەی نۆیەمی کوردستان ٨ ملیار دۆلاری بۆ کەرتی گەشتیاری تەرخان کرد
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا نزیکەی ٨ ملیار دۆلاری لە کەرتی گەشتیاریدا وەبەرهێنان کردووە و مۆڵەتی بە ١١٨ پڕۆژە داوە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی ئەوەی کەرتی گەشتیاری بکاتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووری، لە ماوەی کارکردنیدا نزیکەی ٨ ملیار دۆلاری لەم کەرتەدا وەبەرهێنان کردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کەرتی گەشتیاری بە ڕێژەی ٤٤٪ی کۆی سەرمایەی وەبەرهێنان، لە پلەی یەکەمی هەموو کەرتەکاندا دێت. لەم ماوەیەدا مۆڵەت بۆ ١١٨ پڕۆژەی گەشتیاری بە گوژمەی ٧ ملیار و ٩١٣ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار و ١٨٨ دۆلار دەرکراوە، هەروەها بڕیار دراوە بە جێبەجێکردنی هەمان ژمارەی پڕۆژە بە بودجەی ٤٨ ملیار و ٧٤٢ ملیۆن و ٣٢٧ هەزار و ١١٥ دینار.
لە دیارترین پڕۆژەکانی کابینەکە، پڕۆژەی "کۆریدۆری ژیان"ە لە سەنتەری شاری هەولێر کە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسی لافاو و دروستکردنی دیمەنێکی سەوز و گەشتیارییە، هەروەها پڕۆژەی "پشتێنەی سەوزی هەولێر" کە دەکەوێتە دەرەوەی شەقامی ١٥٠ مەتری و بە پانی ٢ کیلۆمەتر و لە ٨ قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت؛ لەم پڕۆژەیەدا ٧.٧ ملیۆن نەمام دەچێنرێت و ١٠ بەنداوی ئاودێری دروست دەکرێن. نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر و بازاڕی قەیسەری، پەرەپێدانی ڕێگاوبان و کۆمەڵگەی گەشتیاری لە ئیدارەی سۆران کە ناوچەکانی بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ و چیای کۆڕەک بەیەک دەبەستێتەوە، کۆرنیشی زاخۆ (بە بودجەی نزیکەی ٢٤ ملیار دینار) و پڕۆژەی تەلەفێریک لە چیای زاوا (بە بەرزی ٥٠٠ مەتر، درێژی ٣٣٠٠ مەتر و تێچووی ٣٠ ملیۆن دۆلار) لەو وەبەرهێنانە لەپێشینانەن کە کابینەکە ئەنجامی داون.
لە نێو دەستپێشخەرییە گرنگەکانی دیکەدا، پڕۆژەی گەشتیاریی گەلی زاخۆ، نۆژەنکردنەوەی پردی دەلال و قشڵەی زاخۆ، هەروەها پێدانی مۆڵەت بە ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی کەرتی گشتی و تایبەت لە ناوچەکانی دوکان و ئەحمەداوا هەن کە هۆتێل، گوندی گەشتیاری و خزمەتگوزاری ژێرخانی لەخۆ دەگرن. ئەم پڕۆژانە ئامانجیان بەهێزکردنی ژێرخانی گەشتیاریی هەرێم و گۆڕینیەتی بۆ ناوەندێکی مۆدێرنی گەشتیاری.
سەرچاوە: Kurdistan24