
دەستکاریکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لەلایەن بانکى ناوەندیی عێراقەوە بازاڕەکانی هەژاند
بەرزبوونەوەی نرخ بووە هۆی ئەوەی لە بازاڕی ئازاددا نرخی ١٠٠ دۆلار ١٧٠ هەزار دینار تێپەڕێنێت و دواتر بۆ ١٦٦ هەزار دینار دابەزێت.
بانکی ناوەندیی عێراق نرخی دۆلاری بەرامبەر دینار بەرهەوراز دەستکاری کرد. لە بازاڕی ئازاددا نرخی ١٠٠ دۆلار ١٧٠ هەزار دیناری تێپەڕاند، بەڵام دواتر بە دابەزینێکی کەم لەسەر ئاستی ١٦٦ هەزار دینار جێگیر بوو. بەپێی زانیارییەکانی ئازەر فارووق پەیامنێری کوردستان٢٤ لە هەولێرەوە، تا کاتی ئاڵوگۆڕ لە بورسەدا نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە دەوروبەری ١٦٦ هەزار دیناردا جێگیر بوو.
هێشتا ڕوون نیست کە ئایا نرخەکە لە کاتی کۆبوونەوەی بورسەدا لە سەعات ١٠:٠٠ بەم شێوەیە دەمێنێتەوە یان بەپێی زۆربوونی داواکاری سەر لەنوێ بەرز دەبێتەوە. هاووڵاتییان ئاماژەیان بەوە کرد کە دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی کاریگەریی خراپی لەسەر گوزەرانیان دەبێت و ڕایانگەیاند ئەگەر سیستمێکی باشی چاودێری دانەنرێت، چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ناڕێکی نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان دەکەن.
حکومەت ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە نراوە و ئامانجی ئەوەیە بۆ دابینکردنی پێویستیی دارایی مانگانە کە ٨ تریلیۆن دینارە، لە بەرامبەر هەر ١٠٠ دۆلارێکدا ١٨ هەزار دینار داھات بەدەستبهێنێت. لەبەر ئەوەی ٪٩٠ی داھاتی وڵات لەسەر هەناردەکردنی نەوت بە دۆلار بەندە، ئەم بڕیارە بازرگانانیشی نیگەران کردووە.
بانکی ناوەندی ڕایگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، نرخی فروشتنی ١ دۆلاری ئەمریکی بە ١,٥٢٠ دینار تۆمار کراوە. ئەنجومەنی وەزیران بەپێی ڕاپۆرتی هاوبەشی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بڕیاری دا بە دەستکاریکردنی نرخی دراو؛ نرخی فروش بۆ کڕیاران لە لایەن بانک و دامەزراوە داراییەکانەوە بە ١,٥٢٠ دینار دیاری کراوە.
سەرچاوە: Kurdistan24