
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی: ١.٢ ملیار کەس لە جیهاندا لە قەیرانی دەروونیدان و ساڵانە ٧٢٧ هەزار کەس خۆیان دەکوژن
ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەر ئاستی جیهان ١.٢ ملیار کەس کێشەی دەروونییان هەیە و ساڵانە ٧٢٧ هەزار کەس بەهۆی خۆکوژییەوە گیان لەدەستدەدەن.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە ڕاپۆرتێکدا کە بە بۆنەی ١٠ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند کە لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی ١.٢ ملیار کەس تووشی کێشەی فکری و دەروونی بوونەتەوە و ساڵانە ٧٢٧ هەزار کەس بەهۆی خۆکوژییەوە گیان لەدەستدەدەن. بەپێی ڕاپۆرتەکە، مەزەندە دەکرێت زەرەری ئەم بارودۆخە بۆ ئابووریی جیهان ساڵانە ١ تریلیۆن دۆلار بێت.
لە نێوان تێکچوونە دەروونییەکاندا، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بڵاوترینیانن؛ ٤٧٠ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێ و ٣٢٢ ملیۆن کەسیش ڕووبەڕووی خەمۆکی دەبنەوە. گەنجان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لەم نەخۆشییانە؛ ٧٢ ملیۆن لە نەخۆشانی دڵەڕاوکێ و ٤٣ ملیۆن لەوانەی دەستنیشانی خەمۆکییان بۆ کراوە، لە منداڵان و مێرمنداڵان پێکدێن.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژەی خۆکوژیش لە ئاستێکی مەترسیداردایە. ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی ٧٢٧ هەزار کەس خۆیان دەکوژن و لە نێوان گەنجانی تەمەن ١٥ بۆ ٢٩ ساڵدا، خۆکوژی سێیەم هۆکاری بڵاوی مردنە. هەروەها ٧٣٪ی خۆکوژییەکان لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەندا ڕوودەدەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەدیجیتاڵبوون و ئالوودەبوون بە شاشەکان لەسەر تەندروستیی دەروونی کردووە. بەپێی تۆژینەوەیەک کە ٢٨٠ هەزار گەنج لە ٤٤ وڵاتەوە تێیدا بەشداربوون، بەکارهێنانی کێشەدار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە ٧٪ەوە بۆ ١١٪ زیادی کردووە، و ١٢٪ی گەنجان لەژێر مەترسیی ئالوودەبوون بە یارییە ڤیدیۆییەکاندادان. هەوڵەکانی چاتبۆتەکانی ژیریی دەستکرد بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە سۆزدارییەکان دەکرێت تەنیایی قووڵتر بکەنەوە. جگە لەوەش، حکومەتەکان بە ناوەندگیری تەنیا ٢٪ی بودجەی تەندروستییان بۆ تەندروستیی دەروونی تەرخان دەکەن و تەنیا سێیەکی نەخۆشانی خەمۆکی دەستیان بە چارەسەری فەرمی دەگات.
سەرچاوە: Rûdaw