
لە دهۆک بەنزینخانەیەک تایبەت بە شوفێرانی ژن کرایەوە
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی دهۆک، بەنزینخانەی 'نۆرس لایت'ی تەنیا بۆ خزمەتکردنی شوفێرانی ژن تەرخان کرد.
لە دهۆک بڕیارێکی نوێ بۆ شوفێرانی ژن چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی دهۆک، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی، بەنزینخانەیەکی تەنیا بۆ ژنان تەرخان کرد.
کارزان ڕەئوف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک، ڕۆژی ١ی تشرینی اولی ٢٠٢٤ لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان٢٤ ڕایگەیاند، بەنزینخانەکە بە ناوی "نۆرس لایت" دەست بەکار دەبێت و تەنیا بۆ شوفێرانی ژن کراوە دەبێت. ڕەئوف داوای هاوکاریی لە کۆمسیۆنەکانی پشکنین، قایمقامیەتەکان و ئاسایش کرد.
بەرپرسان ڕایانگیاندووە کە لە کاتی ڕوودانی هەر پێشێلکارییەکدا، شوفێران دەتوانن لە ڕێگەی هێڵەکانی پەیوەندییەوە سکاڵاکانیان بە بەرپرسان بگەیەنن. تەرخانکردنی بەنزینخانەی تایبەت بۆ ژنان، وەک هەنگاوێکی کارگێڕی سەیر دەکرێت بۆ پاراستنی مافی شوفێرانی ژن و ڕێگریکردن لە قەرەباڵغی و ڕیزبوونی درێژی ئۆتۆمبێلەکان لە بەردەم بەنزینخانەکاندا.
سەرچاوە: Kurdistan24