
ئەنەکەسە داوای لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر خێزانە کوردەکانی گرێ سپی دەکات
ئەنەکەسە داوای لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە دەکات کە کراوەتە سەر ئەو خێزانە کوردانەی گەڕاونەتەوە بۆ گرێ سپی لە پارێزگای ڕەققە و داوای دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی دەکات.
ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە)، هێرشکردنە سەر ئەو خێزانە کوردانەی شەرمەزار کرد کە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان لە گرێ سپی سەر بە پارێزگای ڕەققە و داوای لە حکوومەتی سووریا و پارێزگاری ڕەققە کرد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ڕووداوە پێکبهێنن. ئەمینداریەتی گشتیی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو خێزانانە ساڵانێک لەمەوبەر بە زۆر لە ماڵەکانیان دەرکراون و ئێستا بە بەڵگەنامەی فەرمیی خاوەندارێتی گەڕاونەتەوە.
ئەمڕۆ زیاتر لە ١٠٠ خێزانی کورد کە بە بانگهێشتی فەرمی گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی و هەڕەشەی کوشتن بوونەتەوە، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون و ئۆتۆمبێلەکانیشیان سووتێنراوە. ئەو خێزانانەی هێرشیان کراوەتە سەر ناچار بوون پەنا بۆ بینای بەڕێوەبەرایەتی قەزاکە ببەن و لەلایەن گروپێکەوە گەمارۆ دراون.
ئەنەکەسە داوای کرد دەستبەجێ لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێن، بەرپرسانی ڕووداوەکە بەپێی یاسا دادگایی بکرێن و سەلامەتی گیان و ماڵی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە دابین بکرێت. هەروەها تۆمەتبارکردنی خێزانە کوردەکان بە ئەندامێتی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک بیانوویەک بۆ هێرشکردنە سەریان شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت مافی سڤیلەکان لە ململانێ سیاسییەکان جیا بکرێتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw