
هەڵکۆڵینی ٢٠ هێکتار زەوی لە هەولێر، مێژوویەکی ٦ هەزار ساڵەی ئاشکرا کرد
هەڵکۆڵینەکان لە شوێنەواری «گردی مەتراب» لە دەشتی هەولێر، شوێنەواری نیشتەجێبوونی ٦ هەزار ساڵەیان ئاشکرا کرد کە لە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایینەوە تا سەردەمی سەلەوکییەکان درێژ دەبێتەوە.
هەڵکۆڵینەکان لە شوێنەواری «گردی مەتراب» کە ڕووبەرەکەی ٢٠ هێکتارە لە دەشتی هەولێر، مێژووی ٦ هەزار ساڵەی ناوچەکە لە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایینەوە تا سەردەمی سەلەوکی و پارتەکان ڕوون دەکەنەوە. نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر ڕایگەیاند کە ئەم دۆزینەوانە زانیارییەکان لەسەر مێژووی باکووری میزۆپۆتامیا و کوردستان بە گشتی دەگۆڕن.
شوێنەواری هەڵکۆڵینەکە بۆ سێ بەشی سەرەکی دابەش کراوە. بەشی (B) کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆتایی چاخی بەردین (٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین)، شارۆچکەیەکی کۆنی ئاشکرا کردووە کە شوێنی نیشتەجێبوون، کۆگا، تەنووری گەورە و مۆری کارگێڕیی تێدایە. بەشی (A) کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێلینی (سەدەی ٣-٤ پێش زایین)، لە ڕووبەری ٢٥٠ مەتر چوارگۆشەدا ژوور، حەوشە، تەنوور و شوێنەواری پیشەسازی چنین لەخۆ دەگرێت. بەشی (C) کە سەردەمی سەلەوکییەکانە، ئاماژەیە بۆ بینایەکی گەورەی گشتی یان کارگێڕی کە بناغەکەی لە خشتی سوور دروست کراوە.
لە هەڵکۆڵینەکاندا بەهۆی گەرمای زۆری هاوین و ناسکیی بینا قوڕینەکان، تەکنەلۆژیای مۆدێرن وەک ڕاداری زەوی (GPR)، مەگنێتۆمێتری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهاتوون. هیچ کام لەو پارچە شوێنەوارییانەی دۆزراونەتەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات ناکرێن؛ هەموو دۆزینەوانە لە مۆزەخانەی هەولێر لە کۆگای مۆدێرندا دەپارێزرێن. تەنها ئەو نموونانەی وەک ئێسک و خەڵووز کە پێویستیان بە پشکنینی کاربۆنە، بۆ تاقیگەکانی دەرەوەی وڵات دەنێردرێن. بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان، گرێبەستی هاوکارییەکەی لەگەڵ زانکۆی «برین ماور»ی ئەمریکی تا ساڵانی ٢٠٢٧-٢٠٢٩ درێژ کردووەتەوە و لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا پلانی ڕاهێنانی شوێنەوارناسانی گەنجی کورد لەسەر تەکنیکەکانی هەڵکۆڵینی مۆدێرن و نەخشەکێشانی دیجیتاڵی دانراوە.
سەرچاوە: Kurdistan24