
لە هەولێر پەیکەرێک بۆ یادکردنەوەی پێشڕەو دزەیی و کچە ١١ مانگەکەی، ژینا کرایەوە
لە هەولێر ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە بۆ بازرگان پێشڕەو دزەیی و کچەکەی کە لە هێرشی مووشەکیی بالیستیی ئێراندا گیانیان لەدەست دا، بەڕێوەچوو.
لە پایتەخت هەولێر و لە کۆمەڵگەی ئیمپایەر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسان پەیکەرێک بۆ یادکردنەوەی پێشڕەو دزەیی و کچە ١١ مانگەکەی بە ناوی ژینا کرایەوە. لە ڕێوڕەسمەکەدا سداد بارزانی بە نوێنەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، نوێنەرانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕێباز حەملان وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە نوێنەری حزبە سیاسییەکان، پیاوانی ئایینی و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەشدار بوون.
ئەو پەیکەرەی کە بە هاوکاری و چاودێریی ناوەندی هونەر و کەلتووری کوردستان (KCAC) و بنەماڵەی دزەیی ئامادە کراوە، ئامانجی ئەوەیە نەک تەنیا یادی پێشڕەو دزەیی و کچەکەی، بەڵکو یادی ئەو هاوڕێ و کارمەندانەی ماڵەوەش کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەست دا بە زیندوویی بهێڵێتەوە و ئەو کارەساتە مەدەنییە بە شێوازێکی هونەری بەڵگە بکات.
لەو هێرشە مووشەکییەی کە شەوی ١٥ بۆ ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن ئێرانەوە کرایە سەر ناوچە نیشتەجێبوونەکانی هەولێر، خاوەنی پڕۆژەی ئیمپایەر پێشڕەو دزەیی، کچە ١١ مانگەکەی ژینا دزەیی و ژمارەیەک لە کارمەند و میوانەکانی ناو ماڵەکە گیانیان لەدەست دا.
سەرچاوە: Kurdistan24