
بارانی بەخوڕ لە هەولێر بووە هۆی لافاو: ٢ کەس گیانیان لەدەستدا و خوێندن ڕاگێردرا
لە ئەنجامی لافاوەکەی هەولێردا، کارمەندێکی خۆبەخشی ڕزگارکردن و منداڵێکی ٥ ساڵان گیانیان لەدەستدا، و خوێندنی قوتابخانەکان بۆ ڕۆژێک ڕاگێردرا.
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند کە دوای بارینی بارانێکی بەخوڕ، نزیکەی ٨٠ ملیمەتر باران لە شارەکەدا باریوە و لافاو ڕووی داوە. لەم ڕووداوەدا، گەنجێکی ٢٥ ساڵان کە وەک خۆبەخش لە گەڕەکی هەولێری نوێ کاری دەکرد، هەروەها منداڵێکی ٥ ساڵان کە لەگەڵ باوکیدا لەناو ئۆتۆمبێلدا بوو و ئاو بردییەوە، گیانیان لەدەستدا.
بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بەر ژمارەیەکی زۆری مال و شوێنی کار کەوتووە. پارێزگار خۆشناو ڕایگەیاند کە جگە لە گەڕەکەکانی هەولێری نوێ، براوەتی و دەوروبەری نەخۆشخانەی ژن، لە ناوچەکانی تردا ئاوەکە کشاوەتەوە، تیمەکانی پاککردنەوە لە مەیدانەکەدا کار دەکەن و لە سەرجەم قوتابخانەکان بۆ ڕۆژێک خوێندن ڕاگێردراوە. ئەو فەرمانبەرانەی حکومەت کە ئاو چۆتە سەر ماڵەکانیان یاخود بەهۆی ئاستەنگی هاتووچۆوە ناتوانن بچنە سەر کار، بە مۆڵەتی فەرمی هەژمار دەکرێن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دۆخەکە کرد و سوپاسی یەکەکانی شارەوانی، بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، هاتووچۆ و پێشمەرگەی کرد. بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە پێشینەی کارەکانە و ڕێنمائیدا کە سەرجەم تواناکان بخەرێنە گەڕ.
سەرچاوە: Kurdistan24