
لە هەولێر تیمەکانی تەندروستی ٢٠٨ کەسیان لە لافاو رزگار کرد
دوای بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە هەولێر، تیمەکانی تەندروستی ژیانی ٢٠٨ هاووڵاتییان رزگار کرد.
لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوی رۆژی یەکشەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە هەولێر، تیمەکانی فریاگوزاری خێرا ژیانی ٢٠٨ هاووڵاتییان رزگار کرد کە مەترسی خنکانیان لەناو ئاودا هەبوو. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، تیمەکان لە کاتەکانی ئێوارەوە تا درەنگانی شەو بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنی گەڕان، رزگارکردن و هاوکارییان ئەنجامداوە.
لە شوێنی رووداوەکان فریاگوزاری سەرەتایی ئەنجامدرا و ١٠ تیمی تەندروستی فریاگوزاری لە سەرانسەری هەولێر بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەشکران. ئەو کەسانەی لەناو ئاوی لافاوەکەدا گیریان خواردبوو، بە سەلامەتی دەرهێنران. لەو هاووڵاتییانەی رزگارکران، شەش کەسیان کە باری تەندروستییان ناجێگیر بوو، بۆ چاودێری پزیشکی زیاتر رەوانەی نەخۆشخانە کران.
تیمەکانی بەشی ئۆپەراسیۆنە پزیشکییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان و بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری فریاگوزاری خێرا لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، لە هەر ساتێکدا ئامادەن.
سەرچاوە: Kurdistan24